زووم..
میدیاى تورکیا بڵاویکردەوە، داواکارى دەمپارتى بۆ سەردانى عەبدوڵا ئۆجالان پەسەندکراوە و چاوەڕوان دەکرێت سبەی شاندێکى پارتەکە سەردانى دوورگەى ئیمراڵى بکەن و چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی سەباح، کە نزیکە لە حکومەت، شاندەکەى دەمپارتى پێکدێن لە سری سوورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەمپارتی لە بازنەی ئیستەنبوڵ و پەرورین بوڵدان پەرلەمانتاری دەمپارتی لە بازنەی وان، پێشتریش ئەو دوو پەرلەمانتارە چەندینجار سەردانى ئۆجالانیان کردووە.
لە دواى شکستهێنانى پرۆسەى ئاشتى لە ساڵى 2015 ئەمە یەکەم سەردانى شاندى سیاسی پارتە کوردییەکانە بۆ لاى ئۆجالان، کە نزیکەی 26 ساڵە ساڵە لە دوورگەى ئیمراڵى زیندانیکراوە.
ئەم هەنگاوە دواى ئەوەدێت، دەولەت باخچەلی، سەرۆکى مەهەپە و هاوپەیمانی ئەردۆغان دەستپێشخەرییەکی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی راگەیاندووە و داوایکرد گفتوگۆ لەنێوان دەمپارتى و ئۆجالان دەستپێبکات.
دوایین کەس کە سەردانى ئۆجالانى کرد، عومەر ئۆجالان، برازاى عەبدوڵا ئۆجالان بوو، دواى سەردانەکە پەیامێکى ئۆجالانى بۆ رایگشتى تورکیا و کوردستان بڵاوکردەوە کە وتبووى، دەتوانم دۆخى شەڕ بگۆڕم بۆ سیاسی و یاسایی.