زووم..
تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە هێرشێکی چڕیان بۆسەر ناوچەکانی نزیک بەنداوی تشرین دەستپێکردووە، هەسەدەش بەرپەرچی هێرشەکە دەداتەوە.
ئاژانسی هەواڵی هاوار دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هێرشی چڕیان کردووەتە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین، هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و ئێستاش پێکدادانی سەخت لە ناوچەکە بەردەوامە.
هاوکات شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک دەنگۆی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرینیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەدرۆخستووەتەوە، جەخت دەکەنەوە بەنداوەکە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە.
پێشتر چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ بەناوی وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە، گرووپە چەکدارەکان بە هاوکاریی تورکیا بەنداوی تشرین و چەند ناوچەیەکی نزیک بەنداوەکەیان کۆنترۆڵکردووە.