راهێنەرى عێراق هۆکارى شکستەکەیان بۆ شەکەتى و چەند هەڵەیەک گەڕاندەوە و پیرۆزباییش لە بەحرەین دەکات.
خیسۆس کاساسى راهێنەرى عێراق دواى دۆڕاندنەکەى بەرامبەر بەحرەین لە جامى کەنداو لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەوەکرد، یارییەکە ئاسان نەبووە و بەڕوونی شەکەتییان پێوەدیاربووە، ئامادەنەبوونی هەندێک لە یاریزانەکانیش کاریگەری لەسەریان هەبووە.
کاساس گوتى “پێویستە سود لە هەڵەکانمان وەربگرین، یارییەکی قوورس و گرنگ چاوەڕێمان دەکات بەرامبەر سعودیە، دەبێت بۆ یاری داهاتوو یاری بەو یاریزانانە بکەین، کە لە رووی توانای جەستەییەوە ئامادەن، هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە بۆ سەرکەوتن تەنیا بردنەوە نەبێت”.
کاساس باسى لەوەشکرد، بەحرەین لە رووبەڕووبوونەوەکاندا بەسەریاندا سەرکەوتووە، ئەمەش یارمەتیداوە بۆ بردنەوەی یارییەکە و پیرۆزباییان لێدەکات بۆ سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو.
کاساس پێیوایە ئاستی داواکراویان لە یارییەکەدا پێشکەشنەکرد و هەندێک هەڵەیان کردووە و بەم ئاستە رازی نییە، پێویستە شیکردنەوە بۆ ئاستیان بکەن تا لەسەر هەڵەکان بووەستن.