زووم..
بەگوێرەى نووسراوێک دەردەکەوێت وەزارەتى تەندروستى تاقیگەى نەخۆشخانە حکومییەکان دەدات بە کەرتى تایبەت، هەرچەندە وەزیرى تەندروستى دەڵێت، نووسراوەکە راست نییە، بەڵام چوار بەرپرسی باڵاى تەندروستى بە زوومییان گوت، نووسراوەکە راستە.
بەگوێرەى گرێبەستەکە کە لەنێوان سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و کۆمپانیایەکى کەرتى تایبت واژۆکراوە، وەزارەتەکە بۆ ماوەى 10 ساڵ، کڕینی پێداویستی تاقیگەکان دەداتە کەرتی تایبەت و لەمەودوا نرخەکەشی زیاد دەکرێت، هەروەها کڕینی دەرمانی نەخۆشانی شێرپەنجەشی داوەتە کۆمپانیەکی دیکەو خراوەتە بوار جێبەجێکردنەوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە زوومی گوت، بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیایەک لەمەودوا پێداویستی تاقیگەی نەخۆشخانە حکومییەکان لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە دابیدەکرێت و ئامانجیش زیادکردنی نرخە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، ئەوەی کراوە لەرێگەی وەزیری تەندروستی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کراوە و رەزامەندی وەرگیراوە کە کڕینی پێداویستییەکان بدرێتە کۆمپانیایەکی حزبی و ئەوەی جاران لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە پارێزگاکان بەڕێگەی تەندرەین دەدرایە کۆمپانیاکانى دابینکردنی پێداویستی تاقیگە نەماوە و تەنها کۆمپایەکی حزبی دابینی دەکات و پارەکەی بۆ ئەو دەبێت.
د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە زومی گوت، کارەکە بەبێ ئاگاداری ئەوان کراوە و نازانن بە چ شێوەیەک کراوە.
هاوکات سەرچاوەکی دیکە بەزووم گوت، جگە لە پێدانی تاقیگەکان بەکۆمپانیای کەرتی تایبەت، کڕینی دەرمانی نەخۆشخانی شێرپەنجەش دراوە بەکۆمپانیایەکی دیکەی حزبی و گرێبەستەکەش خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تائێستا کۆمپانیاکە چەند وەجبەیەک دەرمانی بۆ نەخۆشخانەکانی شێێرپەنجە لەهەرێم دابینکردوە، بەڵام نرخەکانیان بەراورد بەپێشتر گۆڕاوە.