زووم..
ئیدارەی خۆسەر لە رۆژاڤا لەبارەی رووداوەکانی شەوی رابردووی سوریا لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکارییە خێراکانی سوریا، هاودەنگی و یەکڕیزی گەلی سوریا پێویستییەکی مێژووییە بۆ پەرەپێدانی ئیدارەیەکی نیشتمانی لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی.
دەشڵێت، ئەوەی لە گۆڕەپانی سوریا بەتایبەتی لە حمس بەرامبەر عەلەوییەکان روودەدات و پێش چەند رۆژێکیش لە حەما بە سووتانی داری کریسمس بەرامبەر مەسحییەکان کرا، خزمەت بە بەرژەوەندی سوریا و داهاتووەکەی ناکات، بۆیە پاراستنی فرە رەنگی و دەوڵەمەندی نەتەوەیی سوریا بناغەیەکی گرنگە بۆ بونیادنانەوەی سوریایەکی بەهێز.
ئیدارەی خۆسەر دووپاتیدەکاتەوە دەبێت ئەو فرەییەی لە سوریا هەیە بپارێزرێت و بەپەلەش کاربکرێت بۆ رێگە نەدان بە پێشێلکردنی ئەو هێما و دابونەریتانەی هەن، پاراستنی مافی تەواوی بۆچونە جیاوازەکانی و پێکهاتەکانیش ئەرکێکی نیشتمانییە و نابێت رێگە بەپێشێلکردنی بدرێت.
دەڵێت، بەردەوامی ئەو رێبازە هەڵەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی سوریا لەلایەن هەر هێزێک و لایەنێکەوە بێت کارێکی هەڵەیە و کاردانەوەی نەرێنی لێدەکەوێتەوە و خزمەت بە سەقامگیری سوریا ناکات و ململانێ و پێکدادانی لێدەکەوێتەوە و مەترسی لەسەر یەکپارچەی سوریا دروستدەکات، لەکاتێکدا ماوەی چەندین ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن بۆ پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان.