زووم..
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، کە سەرۆکایەتیی کارەکانی لیژنەی نیشتمانی بۆ رێکخستنەوە و کڕینەوەی چەک دەکات، رەزامەندی وەرگرتوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی ئەو چەکانەی لەلای هاووڵاتیانە و حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی دەیانکڕێتەوە.
ئەو دەڵێت، کۆتای وادەی کڕینەوە و تۆمارکردنی چەک 31ـی ئەم مانگە بوو، بەڵام تاوەکو 31ـی کانونی یەکەمی 2025 درێژکراوەتەوە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
حکومەتی عێراق بودجەی دابینکردووە بۆ کڕینەوەی چەک و لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی تاوەکو لەدەستی دەوڵەتدا بێت لە ماوەی ئەمساڵیشدا لیژنەکە لە پارێزگاکانی عێراق نووسینگەی کڕینەوەی چەک و تۆمارکردنی داناوە و ئەو هاووڵاتیانەی چەکی سوکیان هەیە دەبێت لەو نووسینگانە تۆماری بکەن، ئەگەر چەکی مامناوەند و قورسیان هەبوو بەدەوڵەتی دەفرۆشنەوە و هەر کەسێکیش لەو ماوەیەی دیاریکراوە پابەند نەبێت سزادەدرێت کە دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، چەکی کڵاشنکۆف و دەمانچە بەچەکی سوک داناوە، بەڵام جۆرەکانی بیکەسی و ئاربیجی و نارنجۆکی بە مامناوەند و هاوەن و تۆپهاوێژی بەچەکی قورس داناوە، کە دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت.