زووم..
سدیقه حەنتوشزادە، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی تەندروستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران رایگەیاند، لەباربردنی منداڵ بووەتە بازرگانی و رۆژانە هەزار و 200 منداڵ لەباردەبرێن، ئەمەش زیان بە تەندروستیی دایکان دەگەیەنێت.
نایاساییبوونی بابەتی لەباربردنی منداڵ لە ئێران، نەک هەر رێژەی لەباربردنی کەم نەکردووە، بەڵکو مەترسی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی دایکان داناوە و لەبری دەستڕاگەیشتن بە نەخۆشخانەکان، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوونەتە شوێنی بازرگانیی لەباربردن.
پسپۆڕان و بەرپرسانی بواری تەندروستی جەخت لەسەر پێویستیی ئاگادارکردنەوەی دایکان و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی نایاسایی لەباربردن و بەهێزکردنی پاڵپشتی دەروونی و دارایی دەکەنەوە.
لەباربردنی نایاسایی لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت دەبێتە هۆی مردنی دایکەکە و داوای هاوکاریی دامەزراوه یاسایی و پزیشکییەکانی دەکرێت بۆ چارەسەری ئەم قەیرانه.