زووم..
ئەسما ئەسەد، خێزانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و لەلایەن پزیشکەکانییەوە چانسی 50% مانەوەی لە ژیان پێدراوە.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا باس لە دۆخی تەندروستی ئەسما ئەسەد دەکات و دەڵێت، لە دۆخێکی زۆر خراپی تەندروستیدایە بەهۆی ئەوەی تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە و دکتۆرەکان ژووریان بۆ جیاکردووەتەوە و لە تێکەڵبوون دایانبڕیووە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە مۆسکۆ دەڵێت، “ئەسما لە چەند هەفتەی رابردوودا چانسی 50% مانەوەی لە ژیان دراوەتێ” و سەرچاوەیەکی دیکەش گوتوویەتی: ئەسما لە سەرەمەرگدایە، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ناتوانێت لە ژوورێکدا بێت کە تەنانەت یەک کەسی تێدا بێت.
سەرۆکایەتی پێشووی سوریا لە مانگی ئایاری ئەمساڵ رایگەیاند، ئەسما ئەسەد تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، ئەسما ئەسەد پێشتریش چارەسەری بۆ شێرپەنجەی مەمک وەرگرتووە و لەساڵی 2019 رایگەیاند نەخۆشییەکەی تێپەڕاندووە.
ئەسما ئەسەدی 49 ساڵ بەرەگەز بەریتانییە و چەند راپۆرتێک باس لەوە دەکەن بێزارە لەو سنووربەندییانەی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لە مۆسکۆ بۆی داندراوە و دەیەوێت لە لەندەن چارەسەر وەربگرێت و لە بەشار ئەسەدیش جیاببێتەوە، بەڵام کۆشکی کریملن چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و ئەسما ئەسەد نیازی جیابوونەوەی نییە.