زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
تاکسی ئۆنلاین بۆ شۆفیری ژنان دامەزرا
شادی مالیکی بەڕێوەبەری رێکخراوی تاکسی تاران رایگەیاند: سیستەمی تاکسی ئۆنلاین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تایبەت بە ژنان و بەساڵاچووان و منداڵان دامەزراوە، کە ژنان شۆفیری سەرەکی ئەم تاکسیانەن.
شۆفێر ژن متمانەی کۆمەڵگایان بەدەستهێناوە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروست بەتایبەتی لە هاتوچۆی قوتابخانەکاندا.
مالیکی دەڵێت: لە کۆی 80 هەزار تاکسی چالاک لە تاران، نزیکەی 850 تاکسیان ژنان شۆفێریان دەکەن.
ئاگاه
لە ئێران رۆژانە 1200 منداڵ لەباردەبرێن
سدیقه حەنتوشزادە، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی تەندروستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران گوتی: لەباربردنی منداڵ بووەتە بازرگانی و رۆژانە هەزار و 200 لەباربردن لە ئێراندا روودەدات.
نایاساییبوونی بابەتی لەباربردنی منداڵ لە ئێران نەک هەر نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی لەباربردن بەڵکوو مەترسی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی دایکان داناوە، لەبری دەستڕاگەیشتن بە نەخۆشخانەکان، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوونەتە شوێنی بازرگانی لەباربردن.
پسپۆڕان و بەرپرسانی بواری تەندروستی جەخت لەسەر ئاگادارکردنەوەی دایکان و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی لەباربردن و بەهێزکردنی پاڵپشتی دەروونی و دارایی دەکەنەوە.
لەباربردنی نایاسایی لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت دەبێتە هۆی مردنی دایکەکە، هەربۆیە داوای هاوکاریی دامەزراوه یاسایی و پزیشکییەکانی دەکرێت بۆ چارەسەری ئەم قەیرانه .
ئەبرار
مشک بەشێک لە بەرهەمی جووتیارانی سنەی لەناوبردووە
ئەمیر عەزیزیان، بەڕێوەبەری پاراستنی کشتوکاڵیی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: 40 گوندی پارێزگاکە تووشی هێرشی مشک بوونەتەوە، بەرهەمی 30 هێکتار مەترسیان لەسەرە.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای ئەم دواییە، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و کەمبوونەوەی رۆژانی سەرما، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی مشک لە پارێزگاکەدا.
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیه ژەهر بە خۆڕایی بۆ جووتیاران دابین کراوە.
مەردووم سالاری
لە ماوەی 6 ساڵدا هەژاریی کرێچی لە ئێران 48% گەشەی کردووە
راپۆرتی سیاسەتی وەزارەتی کار و چاودێری کۆمەڵایەتی دەریدەخات لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2022 ژمارەی هەژاریی کرێچییەکان بەرێژەی 48٪ زیادیکردووە.
لە ساڵی 2022ـدا زیاتر لە یەک ملیۆن بنەماڵەی کرێچی لە شارەکان و 75 هەزار ماڵ لە گوندەکان تووشی کێشەی نیشتەجێبوون بوونەتەوە.
ئەم راپۆرتە دەریدەخات هەژاریی خانووبەرە کێشەی سەرەکییە لە شارەکان.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئێران خۆی بۆ مانۆڕێکی سەربازیی گەورە ئامادە دەکات
هێزى سەربازیی ئێران و سوپاى پاسداران پێکەوە لە چەند رۆژى داهاتوودا مانۆڕێکى گشتگیری زەمینى و ئاسمانى و دەریایی ئەنجامدەدەن.
مانۆڕەکە فراوان و چڕ دەبێت، هێرش و بەرگریش لەخۆدەگرێت.
ئێران ساڵانە شەست مانۆڕی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات و ئامانجیش بەرگری و هێرشکردنە
مانۆڕەکە هاوکات دەبێت لەگەڵ پێنجەم ساڵڕۆژى کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبومەهدی موهەندیس.
سەباح
ئامادەکاری بۆ بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵا دەکرێت
کۆبوونەوە چڕەکانى حزبوڵاى لوبنان لە دواى راگەیاندنى ئاگربەست تا ئێستا بەردەوامییان هەیە، بەشێکى زۆری کۆبوونەوەکان تەرخاندەکرێـت بۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵا، کە لە هێرشێکی سوپاى ئیسرائیل دا لە رۆژى 27ـى تشرینى یەکەمی ئەمساڵ کوژرا.
پارچەیەک زەوی لە نزیک شەقامی سەرەکیی فرۆکەخانەى پێشووى لوبنان و لە تەنیشت بورجی بەراجنەوە ئامادەکراوە بۆ ئەوەى مەزارێکى بۆ دروستبکرێت گونجاوبێت لەگەڵ کەسایەتیدا.
پێدەچێت تەرمی هاشم سەفیەدین لەتەنیشت حەسەن نەسروڵاوە بنێژرێت، هەرچەندە خۆی وەسیەتى کردووە ببرێتەوە زێدى خۆی لە قەزاى صور کە دەکەوێتە باشوورى لوبنان.
حزبوڵا دەیەوێت لە وڵاتانى دونیاوە ئەندامەکانى بهێنێتەوە و بانگهێشتى فراوان بکات بۆ سەرۆک و کاربەدەستانى وڵاتان.
ئاموس هۆکشتاین نوێنەرى ئەمریکاش لە لوبنان رایگەیاندووە پێدەچێت ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حزبوڵاى لوبنان دوو مانگی دیکە درێژبکرێتەوە.
مەدا
40 هەزار بازرگان و بەکاربەرى مادەى هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون
بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى مادەى هۆشبەر و بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە 2022 و 2023 دا چل هەزار کەسیان دەستگیرکردووە لە بازرگانى و بەکارهێنانی مادەى هۆشبەر تێوەگلاون.
هەروەها 230 باندی نێودەوڵەتیش هەڵوەشێنراونەتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتێکى وەزارەتى ناوخۆ کریستاڵ بەڕێژەى 37% بەکاردەهێنرێت، بەدواى ئەودا کپتاگۆن بەڕێژەى 34% ، ئەوانى تریش بە رێژەى 28%.
فازڵ غەڕاوی بەڕێوەبەری ناوەندیی ستراتیژى بۆ مافەکانى مرۆڤ دەڵێت، عێراق لەبەردەم مەترسییەکى گەورەى مادەى هۆشبەردایە، سەرەڕای ئەوەى تەنها لە ساڵی 2023 دا سزاى سێدارە بۆ حەوت هەزار بازرگانى مادەى هۆشبەر دەرکراوە، ئەوانى تریش لە نێوان زیندانى هەمیشەیی و سزاى جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنراوە.
دەستور
عێراق هەلیکۆپتەرى (KUH)ـى کۆریی دەکڕێت
کۆمپانیایەکى پیشەسازیی سەربازیی کۆریاى باشوور بڵاویکردەوە بە بەهاى زیاتر لە 93 ملیار دینار گرێبەستێکیان لەگەڵ عێراق واژۆکردووە بۆ پێدانى هەلیکۆپتەرى جۆری (KUH).
ئەو هەلیکۆپتەرانە لە بەهاری ساڵی 2029 رادەستى عێراق دەکرێن، توانایەکی زۆر باشیان هەیە بۆ گواستنەوە، چاودێریکردن، مانۆڕ، لە هەموو دۆخ و کەشوهەوایەکدا بەکاردێن.
کۆرییەکان تیمى تایبەتیان لەگەڵ دەنێرن بە مەبەستى راهێنان بۆ ئەوەى بەباشى سوودیان لێوەربگیرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
ئەردۆغان دەڵێت دەرگای ئاکپارتی بۆ هەموو کەس کراوەیە
ئەردۆغان لە گوتاری هەفتانەی بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکەی باسی لە چەند پرسێک کرد، یەکێک لەوانە کردنەوەی دەرگای ئاک پارتییە بەڕووی کادری نوێی و سیاسییەکانی نێو پارتەکانی دیکە.
لەکاتێکدا باسی لە پرسی ئابووری کرد، داوای کرد کەمێکی دیکە ئارام بگرن، چونکە تەنها یەک هەوڵی تریان ماوە بۆ ئەوەی لە 2025 دا ئابووریەکەیان بەهێز بێت.
ئەو دەڵێت ئێمە هاووڵاتیانی هەژارمان دەرخواردی هەڵاوسان نەداوە، ئەردۆغان بۆ ئەم قسانەی بەڵگەی ئەوەیە کاتێک هاتووەتە سەر دەسەڵات لە 2002 دا کەمترین مووچە 126 دۆلار بووە، لەکاتێکدا ئێستا 628 دۆلارە.
سۆزجو
دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و هەژارەکان هەژارتر دەبن
لە پرۆژەی بودجەی 2023 دا کەمترین مووچە لەسەدا 30 زیادیکرد، لە 17 هەزارەوە بۆ 22 هەزار بەرزبووەوە، ئەمە بەبڕوای ئابووریناسان دەرخەری ئەو راستیەیە کە حکومەت نەیتوانیوە دەربەستی ئەو قەیرانە بێت کە سێ ساڵە بەرۆکی خەڵکی گرتووە.
تورکگون
ئەردۆغان حیساب و کیتابی تایبەت بەخۆی هەیە
کاتێک ئەردۆغان دەڵێت ئەندامانی رێکخراوی جوداخواز بە چەکەکانەوە دەنێژین، لە هەمانکاتدا ئاماژە بەوە دەکات هەوڵ هەیە دیوار لە نێوان کوردەکان و تورکیادا دروست بکرێت.
ئەو دەڵێت،” ئەوانە لەناودەبەین کە هەواڵی دروستکردنی دیوار لەنێوان ئێمە و برا کوردەکان دەدات، ئەگەر ئەوان حیساب و کیتابی خۆیان هەبێت ئێمەش حیساب و کیتابمان هەیە، بە ئارامی و سوربوونمانەوە هەموو یارییەکانی ئیمپریالیست تێکدەشکێنین.
یەنیسۆز
6 تۆمەتباری بومەلەرزکەی 2023 سزادران
بەتۆمەتی تێوەگلان لە رووخانی بینایەک لە بومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 لە ئادیامان کە تێیدا 72 کەس بوونە قوربانی، 6 تۆمەتباری کەسیەکە لە 8 ەوە بۆ 18 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
تەندروستیی ئەسما ئەسەد بەهۆی شێرپەنجەوە زۆر خراپە
ئەسما ئەسەد، خێزانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا، لە دۆخێکی زۆر خراپی تەندرووستیدایە، بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووە.
پزیشکەکان ژووریان بۆ جیاکردووەتەوە و لە تێکەڵبوون دایانبڕیوە، بۆئەوەی تووشی هەوکردن نەبێت، بەشێوەیەک دۆخی خراپە چانسی ژیان و مردنی 50بە 50یە.
هاوسەری بەشار ئەسەد کە لە ئێستادا بە پەناهەندەیی لەگەڵ خێزانەکەی لە روسیا دەژین، هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە، بەڵام بەریتانیا رەتیدەکاتەوە رێگەی پێ بدات بگەڕێتەوە چونکە بەشداربووە لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی.
گاردیەن
ساڵیادی ئەو تسۆنامییەیە 228 هەزار مرۆڤی لەناوبرد
بیست ساڵ لەمەوبەر، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە زەریای هیندییەوە هەڵیکرد، گەورەترین کارەساتی سروشتی لێککەوتەوە.
بومەلەرزەکە بووە هۆی دروستبوونی تسونامییەک کە بەرزیی شەپۆلەکانی دەریای گەیاندە 30 مەتر، بەهۆیەوە نزیکەی 228 هەزار کەس لە 15 وڵاتی جیاوازدا گیانیان لەدەستدا. بەشێکی زۆری ئەوانەشی کە رزگاریان بوو ماڵ و حاڵیان لەدەستدا و ئاوارە بوون.
ئێندەپێندەنت
هێرشەکەی پوتین لە کریسمسدا ئۆکراینەکانی خستووەتە بەردەم شەپۆلی سەرما
لە رۆژی کریسمسدا روسیا بەشێوەیەکی بەرفراوان هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر سیستەمی وزەی ئۆکراین، ئەمە لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە بە رەفتارێکی نامرۆڤانە ناوبرا.
بەهۆی هێرشەکانەوە نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە خارکێڤ بێ وزەی گەرمگردنەوە مانەوە و لە کیێڤ و چەندین ناوچەی دیکەش کارەبا کووژایەوە.
هێرشەکان لەکاتێکدابوون ئۆکراین لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە بۆ دووەمجارە ئاهەنگی کریسمس بگێڕێت و کاریگەریی کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی روسیا لەسەر هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کەمبکاتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
لەبارەی ئاگربەستەوە ئیسرائیل و حەماس یەکتری تۆمەتبار دەکەن
لەگەڵ ئەوەی خانەوادەی بارمتەکانی ئیسرائیل دەڵێن دۆخی راگەیاندنی ئاگربەست هەر وەک خۆیەتی و هیچ لە پێشتر باشتر نییە، ئیسرائیل و حەماس یەکتریی تۆمەتبار دەکەن بەوەی ئەو دیکەیان لەمپەر دەخاتە بەردەم گەیشتن بە رێککەوتنێک.
حەماس لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت دانوستانەکان لە دەوحە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینی بەڵام بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی مەرجی نوێی هێناوەتە کایەوە، بەڵام ئیسرائیل ئەوە رەتدەکاتەوە.