زووم..
دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەستە بەناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمەوە، کە تاوەکو ئێستا هەرێم نەیناردووە، زووم لە بەدووداچوونێکی رۆژنامەوانیدا چارەنووسی مووچە و ناردنی پارە لەلایەن بەغدادوە روون دەکاتەوە.
هەرچەندە سەرچاوەکانی زووم دەڵێن، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 12 و پڕکردنەوەی کورتهێنانی مانگی 11ی داوە، بەڵام تاوەکو هەرێم داهاتی ناوخۆی مانگی حەوت و هەشت نەنێرێت، عێراق پارەکە ناخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم.
تاوەکو هەرێم داهاتی ناوخۆی مانگی حەوت و هەشت نەنێرێت، عێراق پارە نانێرێت
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، تا ئێستا هەرێم داهاتی ناوخۆی مانگەکانی حەوت و هەشت و نۆ و دە و یازدە و دوازدەی نەناردووە بۆ بەغداد، کە بۆ هەر مانگێک نزیکەی 80 ملیار دینار دەکات، کۆی گشتی شەش مانگەکەش دەکاتە 480 ملیار دینار.
شاندی هەرێم لە سەردانەکەی سەرەتایی هەفتەی رابردوودا بە وەزارەتی دارایی عێراقی گوتووە داهاتی مانگەکانی حەوت و هەشت دەنێرن کە دەکاتە 160 ملیار دینار، بەڵام بۆ داهاتی چوار مانگەکەی دیکە کە دەکاتە 320 ملیار دینار داوای لە وەزیری دارایی عێراق کردووە وەکو قەرز بخرێتە ساڵی داهاتوو.
تاوەکو ئێستا هەرێم داهاتی ئەو دوو مانگەی نەناردووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم تاوەکو ئێستا هەرێم داهاتی ئەو دوو مانگەشی نەناردووە کە بەغدادی گووتووە دەینێرین، ئەمەش وەکو یەکێک لە هۆکارەکانی نەناردنی ئەو 430 ملیارە لێک دەدرێتە کە بڕیاربوو بەغداد بۆ تەواوکاری مووچەی مانگی 10 و 11 بینێرێت.
هەرچەندە دەبوو بەغداد بە سێ جار، بڕی 430 ملیار و 130 ملیار و 760 ملیار دینار وەکو مووچە و تەواوکاری بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12 بنێرێت، بەڵام هێشتا هیچ کام لەم پارانە نەخراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە زوومی گووت، بڕیار دراوە تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو بەغداد زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار بۆ هەرێم بنێرێت.
ئەگەر هەرێم هەفتەی داهاتوو داهاتی ناوخۆ نەنرێت رەنگە بەغداد لەکاردانەوەدا پارە نەنێرێت
ئەگەر عێراق ئەو بڕە پارەیە بنێرێت وەزارەتی دارایی هەرێم دەتوانێت بەو 630 ملیار دینارەی لایەتی پێکەوە مووچەی مانگەکانی 11 و 12 دابەشبکات.
نەناردنی پارەکە لەلایەن بەغداد و دابەشنەکردنی مووچەی هەردوو مانگی 11 و 12، پەیوەستە بە ناردنی داهاتی ناوخۆی مانگەکانی حەوت و هەشت، ئەگەر هەرێم هەفتەی داهاتوو داهاتی ناوخۆ نەنرێت رەنگە بەغداد لەکاردانەوەدا بڕیاری ناردنی ئەو یەک تریلیۆن دینارە جێبەجێ نەکات، بەمەش فەرمانبەران ناتوانن مووچەی مانگەکانی 11 و 12 وەربگرن.