شێروانە و سیروانى نوێ سێ خاڵى گرنگیان بەدەستهێنا و پێشمەرگەى هەولێر و زاخۆش یەکى خاڵێکیان پێبڕا.
ئەمڕۆ دوایین چوار یارى گەڕى ١٠یەمى خولى نایابى تۆپى پێى کوردستان لە یاریگا جیاجیاکانى کوردستان ئەنجامدران.
یانەى شێروانە لە یاریگاى خۆیدا، بەرامبەر یانەى ئاکرێ یارى کرد و بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر یارییەکەى لێ بردەوە.
لە یارییەکى دیکەدا، یانەى سیروانى نوێ لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا، بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنى بەسەر یانەى برایەتی تۆمارکرد.
یانەى پێشمەرگەى هەولێریش لە یاریگاى خۆیدا نەیتوانى لە یانەى چوارقوڕنە بباتەوە و لەگەڵیدا بە گۆڵێک بۆ هەردوولا یەکسانبوون، هاوکات یارى نێوان هەردوو یانەى زاخۆ و دەربەندیخانیش بە یەکسانى و بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتایى هات.
بەم ئەنجامانە، شێروانە بە ٢٢ خاڵ پێگەى خۆى لە پێشەنگى ریزبەندى خولەکەدا جێگیرکرد و بەجیاوازى سێ خاڵ لە پێش پێشمەرگەى هەولێرى پلەى دووەمەوەیە، زاخۆش لە پلەى سێیەمدایە و ١٦ خاڵى هەیە.