زووم..
هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەسەدە، رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆنی جۆری دەکەن دژی پێگەکانی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی و دەیانەوێت کۆنترۆڵیان بکەنەوە.
هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا، داوا لە دانیشتووان و عەرەبە هاوردەکراوەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، پەیوەندیی بە ریزەکانیانەوە بکەن و پشتیوانیان بن و هەمووان یەکبگرن بۆ دەرپەڕاندنی تورکیای داگیرکار لە نیشتمانەکەیان.
هەسەدە داوای لە ماڵباتی عەرەبە هاوردەکراوەکان و چەکدارانی گرووپەکانی سەربە تورکیا دەکات سوود لەم دوایین هەلە وەربگرن و ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن، چونکە تورکیای داگیرکار هەرگیز گرنگی بە ژیانی سورییەکان نادات.
دەشڵێت، تورکیا باکووری سوریای کردووە بە مەکۆیەک بۆ تیرۆرستان و کەڵک لە ناکۆکی سوری – سوری وەردەگرێت بۆ ئەوەی تەواوی جوگرافیای سوریا داگیر بکات.
سەبارەت بە دانیشتووان و عەرەبە نیشتەجێکراوەکانی گرێ سپی و سەرێ کانییش، دەڵێت، هێزەکانیان و ئیدارەی خۆسەر هاوکاری پێشکەش بەو خێزانانە دەکەن دەیانەوێت بەسەلامەتی لەو شوێنانە دەربچن.
تورکیا و گرووپەکانی لە ئۆکتۆبەری 2019 لە ئۆپراسیۆنێکدا بە ناوی کانی ئاشتی ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی و گوندەوارەکانی داگیرکرد و دانیشتوواکەشی ئاوارەی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر بوون.