هەڵبژاردنى دەستەى کارگێڕى یانەى هەولێر دواخرا و یانەکەش رایگەیاند، موچەى راهێنەر و یاریزانانى دابەشکردووە.
بڕیاربوو ئێوارەى ئەمڕۆ هەڵبژاردنى دەستەى کارگێڕى یانەى وەرزشى هەولێر بەڕێوەبچێت، کە ٢٤ کەس خۆیان بۆ پۆستەکانى سەرۆک و جێگر و ئەندامانى کارگێڕى کاندیدکردبوو، بەڵام هەڵبژاردنەکە دواخرا.
هەرچەندە یانەى هەولێر لەو بارەیەوە هیچ شتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، لەبەر بەرژەوەندی گشتی یانەکە و نەگونجاوی بارودۆخی یانەی ھەولێر بڕیاریانداوە بە دواخستنی ھەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی گونجاو و لەبار، بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری یانەکە.
لەلایەکى دیکەوە، یانەى قەڵا و منارە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردەوە، مووچەی ستافی راهێنەران و یاریزانانی تیپی تۆپی پێی یانەکەى دابەشکردووە و ئێوارە خوانێکی بۆ رێکخستوون.
هەولێر لەم وەرزەى خولى ئەستێرەکانى عێراق، لە ١١ یاریدا پێنج بردنەوە و سێ یەکسانبوون و سێ دۆڕاندنى تۆمارکردووە و بە ١٨ خاڵ لە پلەى حەوتەمى ریزبەندى خولەکەدایە، بەڵام لە قۆناغى ٢٠ى جامى عێراق بە یانەى موسڵ دۆڕا و ماڵئاوایى لە پاڵەوانێتییەکە کرد.