زووم..
فەرهاد شامی گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، دەڵێت، هێزەکانیان ئامادەن پەیوەندی بە سوپای سوریای نوێوە بکەن، بەڵام بابەتەکە پێویستی بە دانوستان و گفتوگۆی زیاترە لەنێوان فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشق لەسەر کۆی گشتی هێزەکە.
دەشڵێت، هەسەدە پابەندە بە ئاگربەستەکەی لایەنی ئەمریکی، بەڵام تورکیا دەیەوێت دەستبەسەر خاکی زیاتری سوریادا بگرێت و لەچەند رۆژی رابردوودا لە مەنبج دوو بنکەی سەربازی دامەزراندوە، لە ئێستاشدا تورکیا لەناو خاکی سوریا و باکوری سوریا زیاتر لە 100 بنکە و خاڵی سەربازی هەیە.
گوتەبێژی هەسەدە، دەشڵێت، ماوەی 20 رۆژە گرووپەکانی تورکیا دەستیان بەهێرشکردن کردوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات و رۆژئاوای فورات ناوچەکانی مەنبج و بۆردومانکردنی کۆبانێ و تەلتەمەر و بەنداوی تشرین و عەین عیسا، تورکیا دەیەوێت تا حەلەب بگرێت، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕاشکاوی گوتی شارەکانی حەلەب، دیمەشق، موسڵ، کەرکوک خاکی تورکیان و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
ئاماژەی بەوەشدا، دەیانەوێت لەگەڵ تورکیا و لەلایەنەکانی دیکە بەڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام هەرکاتێک تورکیا هێرشبکاتە سەر ناوچەکانی رۆژاڤا تا کۆتایی شەڕی لەگەڵ دەکەن.