زووم..
بە گوێرەی ئامارێک، لە ساڵی 2024دا رێژەی لەسێدارەدان لە سعودیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گەیشتووەتە 330 کەس، کە زۆرترین ژمارەیە لە چەند ساڵی رابردوودا.
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەسێدارەدان لە سعودیە بە رێژەی %92 زیادی کردووە، بە جۆرێک ساڵی پار 172کەس لەسێدارەدراون، بەڵام ئەمساڵ 330 کەس لەسێدارەدراون.
زۆربەی ئەوانەی لەسێدارەدراون بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون، هەندێکیشیان بە تۆمەتی “تیرۆری ناکوشندە” لەسێدارە دراون و لە دژی ئەو کەسانە دەکرێت، کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانی دژە حکومەتدا کردووە.
لەو ژمارەیەش زیاتر لە 100 کەسیان خەڵکی وڵاتانی جۆراوجۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیا بوون.
محەمەد بن سەلمان لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ساڵی 2022 رایگەیاندبوو، که سعودیە سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندووەتەوە، تەنها لە حاڵەتەکانی کوشتن نەبێت.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لەسێدارەدان بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەزانن و رەخنە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە دەگرن.