زووم..
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەسەدە لەگەڵ تورکیا و گرووپەکانی لە کۆبانێ، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شارەکە جێگیرکران.
ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە کۆبانێ لە باڵەخانەیەکی شارەکەدا جێگیر بوون، ئەوەش لەپێناو سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی دانوستانی نێوەندگیریی نێوان هەسەدە لەگەڵ تورکیا و گرووپەکانی، تاوەکو گرژی و پەرەسەندنەکان نەمێنن و رێگری بکرێت لە وێرانبوونی ناوچەکە.
رۆژی 17ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەک لەنێوان فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سەرۆکهۆزەکانی رەقە و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، هاوپەیمانان جەختیان کردەوە لە بەردەوامیی مانەوەیان لە رەقە و دەوروبەری و رایانگەیاند، گفتوگۆ و دانوستانەکانیان لەبارەی کۆبانی بەردەوامە و پێکشکەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەیان نەخستبووەڕوو.
ماوەی چەند رۆژێکە تورکیا هێزێکی زۆری لەسەر سنووری کۆبانێ کۆکردوەتەوە و بەرپرسانی رۆژاڤاش هۆشداری دەدەن لەوەی تورکیا دەیەوێت کۆبانێ و ناوچەکانی رۆژاڤا داگیربکات.