زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
داوا لە دایک و باوک و نەخۆشەکان دەکرێت لە ماڵەوە کار بکەن
پیسبوونی هەوای تاران گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار، بەگوتەی د. عەباس شاهسەوەنی، سەرۆکی گرووپی تەندروستیی هەوا لە وەزارەتی تەندروستی، رێوشوێنی خێرا بۆ پاراستنی خەڵک پێویستە.
ئەو پێشنیاز دەکات گرووپە لاوازەکان وەک بەساڵاچووان، منداڵەکان، ژنانی دووگیان و نەخۆش خۆیان لە چوونە دەرەوە بەدوور بگرن، ئەگەر لە ماڵەوە دەردەچن دەمامکی ستاندارد بەکاربهێنن.
شاهسەوەنی جەختی لە پێویستی کاری دوور و ئۆنلاین بۆ دایک و باوک و نەخۆشانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ کردەوە و هۆشداریشیدا پیسبوونی بەردەوام دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و مردنی پێشوەختە.
روزگار
لە ئێران پێنج هەزار قوتابخانەی یەک کەسی هەن
عەبدولڕەزا فولادوەند، سەرۆکی رێکخراوی بزووتنەوەی خوێندەواری رایگەیاند، 18 ملیۆن کەس لە ئێران نەخوێندەوارن و 450 هەزار خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی لە خوێندن دابڕوان.
ئەو دەڵێت، پێنج هەزار قوتابخانەی یەک خوێندکاری لە ناوچە بێبەش و پەراوێزەکاندا هەن.
هەژاری و کێشە کلتوورییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر دابڕان لە خوێندن هەیە و بەرزترین رێژەی نەخوێندەواری لە پارێزگا سنوورییەکانی وەک بەلوچستان هەیە و پێویستە بە دروستکردنی قوتابخانە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک شەڕ لەگەڵ نەخوێندەواری بکرێت.
ئاسیا
فیلتەر لەسەر واتساپ و گووگڵ پلەی لابرا
سەد و چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێران بەڕێوەچوو، ئەم کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی سەرۆکی سێ دەسەڵاتی باڵای حکومەت، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری و هەروەها وەزیر و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێران ئەنجام درا.
لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی فیلتەر و بلۆککردن باسکرا و دوای گفتوگۆ، ئەندامان دەنگیان دا بە لابردنی فیلتەری سەر هەندێک پلاتفۆرمی بیانی، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت وەک واتسئەپ و گووگڵ پلەی.
ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاری لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، “هەنگاوی یەکەمی لابردنی سنووردارکردنەکان لە ئینتەرنێتدا نراوە.
ئەبرار
پلانی چاندنی داربەڕوو لە دارستانانەکانی ئیلام جێبەجێدەکرێت
دارستانەکانی بەڕووی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە لەژێر گوشاری زۆری لەوەڕاندنی لەڕادەبەدەری ئاژەڵان و گۆڕانی کەشوهەوادان.
ئەم دارستانانە لە گەورەترین و بەنرخترین دارستانەکانی زنجیرەچیای زاگرۆسن، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و رێگرى بەبیابانبوون.
سەمانە نەزەری، شارەزای بواری دارستان دەڵێت، چاندنی دار بەڕوو یەکێکە لە هەرزانترین و کاریگەرترین رێگاکانی ژیاندنەوەی دارستانەکان.
پلانی چاندنی دار بەڕوو و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەک چارەسەرێکی بەردەوام بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو دارستانانە جێبەجێدەکرێت.
ئەو جەختی لە پێویستی بەشداری پێکهاتە ناوخۆییەکان و هاوکاری حکومەت بۆ سەرکەوتنی ئەم پلانە کردەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
چوار پەرلەمانتار و 12 سەرۆکشارەوانی دەچنە نێو ئاک پارتییەوە
ئاک پارتی ئامادەکاری بۆ چوارەمین گەورە کۆنگرەى ئاسایی پارتەکەی دەکات. بەگوێرەى زانیارییەکان چوار پەڕلەمانتاری پارتە سیاسییەکانی دیکە دێنە نێو ریزەکانی ئاک پارتییەوە، بەدەر لەوەش 12 سەرۆکشارەوانیش دێنە نێو ئاک پارتییەوە.
کۆنگرەکەى ئاک پارتی لە مانگی شوباتی ساڵی ئایندە بەڕێوەدەچێت.
قەرار
لە 22 ساڵدا 34 هەزار کرێکار لە تورکیا لەکاتى کاردا گیانیان لەدەستداوە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، لە تورکیا سەلامەتی کار نییە و تائێستا حکومەت نەیتوانیوە رێگریی بکات لە گیانلەدەستدانی کرێکاران.
ئەو دەڵێت، لەماوەى 22 ساڵى فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی ئاک پارتی 34 هەزار کرێکار لە تورکیا و باکووری کوردستان لەکاتى کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەى ئەوەى سەلامەتی کاریان نەبووە.
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژی پێشکەوتووە لە وڵاتانی دیکە گیانلەدەستدانی کرێکاران روونادات و پێویستە لە تورکیا رێکاری توندتر بۆ سەلامەتی کرێکاران بگیرێتەبەر.
میلاد
تورکیا هاوکاری چارەسەرکردنی کێشەى کارەبا لە سوریا دەکات
بەهۆی شەری ناوخۆوە لە زۆربەی شارەکانی سوریا کێشەی بێکارەبایی هەیە. ئەرپەسڵان بایرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان رایگەیاند، بەمەبەستی هاوکاریکردنی بونیادنانەوەى ژێرخانی سوریا بەمزووانە وەزارەتەکەیان شاندێکی پسپۆڕ دەنێرنە سوریا.
ئەو دەڵێت، تورکیا ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە سوریا.
ئەڤرەنسەل
گەورەشارەوانی ئامەد رووبەڕووی قەیوم دەوەستێتەوە
گەورەشارەوانی ئامەد بۆ دوو خول، واتە هەشت ساڵ لەلایەن قەیومەوە بەڕێوەبرا، بەڵام لە هەڵبژاردنى 31ـى ئازار کورد توانی شارەوانی لەدەستی قەیوم وەربگرێتەوە.
دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، لەماوەى هەشت مانگی دەسەڵاتمان لە گەورە شارەوانی ئامەد هەوڵەکانمان لەدژى قەیوم چڕترکردووەتەوە. بە خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە پیلانەکانی قەیوم لەسەرمان نەهێشتووە.
رۆژنامە عەربییەکان
شەرقلئەوسەت
هەزاران سەرباز و چەکدارى دەسەڵاتى ئەسەد سەرەیانگرتووە بۆ رادەستکردنى چەکەکانیان
لەناوچەى حەى مەزەى دیمەشق لەبەردەم یەکێک لە فەرمانگەى سەربازییەکانى دەسەڵاتدارانى سوریاى نوێ، هەزاران چەکدار و سەربازی دەسەڵاتى پێشوو سەرەیان گرتووە بۆئەوەى وەرەقەیەکى خۆناساندن بۆ خۆیان و رادەستکردنى چەکەکانیان وەربگرن، بەشێک لەوانە سەرباز و بەشێکى دیکەیان خۆبەخش و هەندێکیشیان لە هێزە ئەمنییەکانیانن، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پاکانەیەک بۆ خۆیان بکەن و وەرەقەى سەلامەتى وەربگرن و بتوانن بە ئاسایی هاتوچۆبکەن، بەشێکى دیکە لەوانەى بەرپرسیارێتییان هەبووە، یان پێداویستى و ئۆتۆمبێلەکانى حکومەتیان لابووە رادەستى ئەو فەرمانگەیەی دەکەن و وەرەقەیەکیش بۆ پاکتاوکردنیان وەردەگرن.
عەبدولستار یوسف، کە یەکێکە لە بەرپرسانى دەستەى تەحریرى شام زوو زوو پێیان دەڵێت، هەرکەسێک دەستى هەبێت لە سەرکوتکردنى خەڵک و تاوانى ئەنجامدابێت دەدرێتە دادگا، ئەوانەشى سەرباز و چەکداریی ئاسایی بوون، بڕۆنەوە ماڵی خۆیان تاوەکو بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە دەدرێت. ئەمەى ئێستا دەکرێت خۆناساندن و جەردی سەرەتاییە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لە بەشێکى زۆر لە پارێزگاکان ناوەندى هاوشێوە کراوەتەوە و لە دیمەشقى پایتەختیش دوو ناوەند بۆ خۆرادەستکردن و چەک و پێداویستییە سەربازییەکان کراونەتەوە و رۆژانە سەدان کەس سەردانى دەکەن.
عەرەب
ئومێدى کشانەوەى ئەمریکا لە عێراق دەبێت بە هەڵم
دواى گۆڕانکارییەکانى سوریا پێدەچێت عێراقییەکان بە پێچەوانەى جارانەوە خۆیان داواى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بکەن و ئەمریکاش خوازیاری کشانەوە نییە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەب ئەو دۆخەى لە عێراق هاتووەتە پێشەوە لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانى سوریا و کەمبونەوەى فشارى ئێران و ترسە لە توڕەبوونى ترەمپ، کە لە مانگی داهاتوودا دەچێتەوە کۆشکى سپی.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، عێراقییەکان لەوە دەترسن لەناکاو ترەمپ سزاى سیاسی یان ئابووریی قورس بخاتە سەر عێراق.
رۆژنامەکە دەڵێت، پشتیوانى سوننە و کورد و خوازیاری مانەوەیانن، رۆژنامەى واشنتن پۆستیش بڵاویکردوەتەوە هێزەکانى ئەمریکا لەو کاتە زیاتر دەمێننەوە، کە لەگەڵ عێراق واژۆیانکردووە و پێشتر رێککەوتوون لەسەرى، کە کۆتایی ساڵی 2025ـە، بەرپرسێکی باڵاى ئەمریکاش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، هێشتا زۆری ماوە بۆ کۆتایی وادەى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، بەڵام پێشبینى دەکەم عێراقییەکان خۆیان داواى مانەوەمان بکەن نەک بە پێچەوانەوە.
مەدا
60%ـى عێراقییەکان لەبەردەم مەترسى ئالودەبوونى ئەلیکترۆنیدان
فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژىى بۆمافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، 60%ـى هاووڵاتییانى عێراقى کاتێکى زۆری خۆیان لەبەردەم شاشە ئەلیکترۆنییەکاندا بەسەردەبەن، بەتایبەتى مۆبایلە زیرەکەکان، ئەوەش مەترسییەکى گەورەیە بۆ ئالودەبوونى ئەلیکترۆنی.
بەگوتەى غەراویی لەسەر ئاستى جیهان ئالودەبوونى ئەلیکترۆنی 6%ـە، ئەوە لەکاتێکدا بەکارهێنانى تۆڕی ئینتەرنێت لە چوار ملیار و 66 ملیۆن کەسى تێپەڕاندووە، لەو ژمارەیە چوار ملیار و 200 ملیۆن کەس تۆڕە کۆمەڵایەیتییەکان بەکاردەهێنن و بە تێکڕا لە شەو رۆژێکدا زیاتر لە شەش کاتژمێر و نیو لەبەردەم شاشەکاندا بەسەردەبەن.
بەگوێرەى ئاماری وەزارەتى تەندروستیى عێراق 25% ـى هەرزەکار و مێرمنداڵانى عێراق نیشانەکانى ئالودەبوونى ئەلیکترۆنییان تێدا دەرکەوتووە، 40%ـى ئالودەبوونەکان یاریکردنە و بە دواى ئەویشدا 35% یان گەڕانە بەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئامارەکان دەڵێن 70%ـى عێراقییەکان کاتى خۆیان لە نێو تۆڕی کۆمەڵایەتییەکانى فەیسبوک و ئینیستاگرام و تیکتۆک و سناپدا بەسەر دەبەن، ئەوەش مەترسییەکى گەورەیە لەسەر ئالوودەبوونى ئەلیکترۆنی.
قودسى عەرەبی
پاش 444 رۆژ لە جەنگی غەزە پشیلەکانیش سەرگەرمی خواردنى گۆشتى کوژراوەکانن
وەزارەتى تەندروستیى غەزە رایگەیاند، ئەمرۆ 444 رۆژ بەسەر جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕێت و ژمارەى کوژراوەکان گەشتە 45 هەزار و 317 کەس و بریندارەکانیش 107 هەزار و 713 کەس، میدیاکانیش باس لەوە دەکەن وێنەى ئەو پشیلە و سەگانەیان زۆر بووە، کە لەسەر شەقام و شوێنە داتەپیوەکاندا جەستەى کوژراوەکان دەخۆن.
ئۆکسافمیش رایگەیاند، سوپاى ئیسرائیل رێگرە لە دابەشکردنى هاوکارییەکان بەسەر ئەو کەسانەدا، کە تائێستا ماونەتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە زبڵ و خاشاک لەو شوێنانەى ئاوەدانییان تێدا ماوە زۆر بەرزبوونەتەوە و مەترسی بڵاوبوونەوەى نەخۆشییان لێدەکرێت.
رۆژنامەى قودسى عەرەبی بڵاویکردوەتەوە رۆژانە سوپاى ئیسرائیل تاوانى جەنگی ئەنجام دەدات و هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەکان و رێگریش دەکات لەوانەى لەنێو شارەکەدا ماونەتەوە لەماڵەکانیان بێنە دەرەوە بۆ ئەوەى ژەمێک خۆراکیان دەست بکەوێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز
کریستیانەکانی سوریا بەهیوای ئاشتی لەدوای ئەسەد ئاهەنگی کریسمس دەگێڕن
دوای رووخانی دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، ئێستا شەقامەکانی دیمەشق بە گڵۆپی جوانکاریی و داری کریسمس رازێنراونەتەوە و قەرەباڵغییەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینن. ئەوانەی بە شەقامەکەدا دێن و دەڕۆن دڵیان خۆشە و بەهیوای ئەوەن لەگەڵ کۆتایی ئەسەد کۆتایی بە خەم و ناخۆشییەکانیان بێت و ئاشتی و ئارامیی باڵبکێشێت بەسەر وڵاتەکەیاندا. ئەم کریسمسە بۆ کریستیانەکانی ئەو وڵاتە دەبێتە یەکەم ئاهەنگی خۆشیی دوای یەک دەیە لە شەڕ و پێکدادن. هیواخوازیشن لەژێر حوکمڕانیی نوێدا مافەکانیان وەک کەمینەیەک لە وڵاتەکەدا دەستەبەر بکرێت.
ئۆرشەلیم پۆست
بەبێ هەبوونی لیستی بارمتە زیندووەکانی لای حەماس هیچ رێککەوتنێک ناکرێت
بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێشتا حەماس لیستی ئەو بارمتانەی نەناردووە بۆ ئیسرائیل، کە لە ژیاندا ماون، بەبێ ئەو لیستەش گەیشتنە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست مەحاڵە.
بەپرسەکە دەڵێت، هەرچەندە وڵاتە نێوەندگیرەکان داوای زۆریان لە محەمەد سینوار، سەرکردەی دیاری حەماس و برای یەحیا سینوار، کردووە لیستەکە رادەست بکات، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە. دوای هەفتەیەکیش لە دانوستان لە قەتەر، شاندەکەی ئیسرائیل گەڕایەوە و هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، بەڵام بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکاندا هەبووە، سەرەڕای ئەوەش پێناچێت هیچ رێککەوتنێک بەمزووانە بکرێت.
ژاپۆن تایمز
هەڕەشەکانی ترەمپ ئاماژەی شەڕانگێزی وڵاتەکەی بۆ سیاسەتی دەرەوە دەردەخەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە دوایین لێدوانەکانیدا باسی لە دەستبەسەرداگرتنی دورگەی پانەما کە دەکەوێت نێوان هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و باشوور، و فراوانکردنی وڵاتەکەی و دەستبەسەرداگرتنی وڵاتی گرینلاند، دەرخەری سیاسەتێکی نوێی دەرەوەی ئەمریکان، کە دوورن لەو شێوازە دیبلۆماتییانەی لەپێشدا لەنێوان وڵاتاندا هەبووە.
ترەمپ کە لە 20ـى مانگی داهاتوودا دەستبەکاردەبێت، دەڵێت یاریدەدەرەکانی خەریکی ئامادەکارین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دوو قەیران لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا، جەنگی ئۆکراین و چەندین پێکدادان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو پرس کە ترەمپ بەڵێنیداوە لەماوەیەکی زوودا چارەسەریان بکات.
چاینە دەیلی
رێکارە تووند و سەرکوتکارەکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر گەشەی چین نابێت
ئەو رێکار و هەنگاوانەی ئەمریکا لەسەر گەشەی ئابووریی و تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی چین دایاندەنێت، کاریگەریی لەسەر سەرکەوتنەکانی چین لەو بوارانەدا نابێت، بەڵکو هێزی زیاتر بە وڵاتەکە دەدەن بۆئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەرتر لەنێو قەیرانەکاندا گووزەر بکات. چەندین چاودێری بازاڕەکانی جیهان رایانگەیاند، هەرچەندە رێکارە توندەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتیی لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتنەکان دادەنێن، بەڵام کاریگەریی درێژخایەنیان نابێت لەبەردەم گەشەسەندنی پێشکەوتنەکانی چین لەو بوارانەدا.