زووم..
لە رۆژهەڵاتی مەنبج، پێکدادانی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامە، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەرپەرچی هێرشی گرووپە چەکدارەکانیان داوەتەوە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی قەبر ئیمۆ لە رۆژهەڵاتی مەنبج، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە، لە ناوچەی پردی قۆزاقیش، ئۆتۆمبێلێکی گرووپەکانیان تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا دوو چەکدار کوژراون.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج لە بەرەی بەنداوی تشرینەوە شکستیان بە هێرشێکی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر دوو گوندی دیکە هێناوە و دەیان چەکداری گرووپەکانیان کوشتووە، هەروەها دەستیان بەسەر دوو تانکدا گرتووە و زرێپۆشێک و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیی گرووپەکانیشیان تێکشکاندووە.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی هەسەدە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هەر ئەمڕۆ دووڕیانێکی شاری سیرینیان بۆردومان کردووە.