کاساس یارییەکەى سبەینێ بۆ هەردوو هەڵبژاردەکە بە قورس دەزانێت و واهەستیش دەکات عێراق وڵاتى دووەمیەتى.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر بەحرەین لە جامى کەنداو، خیسۆس کاساس راهێنەرى عێراق یارییەکە بە قورس دەزانێت بۆ هەردوو هەڵبژاردەکە و ئامادەکاریەکانیشیان لە ماوەیەکى کەمى نێوان دوو یاریدا کارەکانى دەستەى هونەرى قورس کردووە.
کاساس گوتى “کوالیتى یاریزانانى هەردوولا و تەنانەت شێوەى یاریکردنیشیان وەک یەکە، هەر بۆیە پێشبینى یارییەکى بەهێز دەکەم، هاوکات پێویستمان بە کاتى زیاتر و پشوى زیاترە بۆ یاریزانەکان دواى یارییەکان، هەربۆیە هیوادارم ڤێرژنى داهاتووى جامەکە کاتەکەى زیاتربێت”.
کاساس باسى لەوەشکرد، ئامانجیان بردنەوە و تۆمارکردنى گۆڵە، بەڵام هەندێک جار رکابەرەکانیان بە پلانى بەرگرى یارى دەکەن، هەر وەک یارى ڕابردوویان، هەرچەندە هەلى زۆریان ڕەخساند، بەڵام بەخت یاوەریان نەبوو.
راهێنەرە ئیسپانیەکە دووپاتیکردەوە، زۆر شانازى دەکات بەوەى لەگەڵ هەڵبژاردەى عێراقدایە و هەست دەکات عێراق وڵاتى دووەمیەتى و بەشێکە لەو وڵاتە، دڵخۆشترین کەسیش دەبێت ئەگەر نازناوى جامى کەنداو ببەنەوە و سەرکەوتن بۆ جامى جیهانى ٢٠٢٦ بەدەستبهێنن.