زووم..
تا ئێستاش پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و گرووپە چەکدارییەکانى سەر بە تورکیا بەردەوامە لە رۆژئاوای رووباری فورات، دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە میحوەری بەنداوی تیشرین پێشڕەوییان کرد و چەند گوندێکی دەوروبەری بەنداوەکەیان کۆنترۆڵکرد.
لەلایەن گرووپەکانى سەر بە تورکیاوە ئەمڕۆ سێ شەممە گوندی قەزالی لە رۆژئاوای شاری تەل ئەبیەز و ئەو سایلۆیانەی لە نزیک گوندەکەن بۆردومانکران، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بۆردومانێکی تۆپخانەکانى تورکیا بۆ سەر گوندی تەل تەویل لە رۆژئاوای شاری تەل تەمر.
لە لایەکى دیکەوە ئێوارەی رۆژى دووشەممە، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارییەکان هەوڵیان دا پێشڕەوی بکەن، هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەسەدە رووبەڕوویان بوونەوە و سێ چەکداریان لێ کوشتن، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازیش تێکشکێندرا، کە پێشڕەوى گرووپە چەکدارییەکان بە ئاراستەی گوندی عەلیای رۆژئاوای تەل تەمر بوو.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک، کە ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەش، شەڕڤانان وەڵامى سەرجەم هێرشەکانیان بۆ سەر لادێکانی حەلەب، مەنبەج، پردی قەرە قۆزاک، بەنداوی تیشرین و گوندەکانى رۆژهەڵاتی دێرەزۆر داوەتەوە.