زووم..
کەجەکە هەواڵی حەشاردانی ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەدی لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی پەکەکە رەتکردەوە و دەڵێت، لەمێژە لەگەڵ رژێمی سوریا پەیوەندییان پچڕابوو.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەک) رایگەیاند، دوای دەرکردنی ئۆجالان لە سوریا پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ رژێمی سوریا کۆتایی هات، بۆیە ئەوە رەتدەکەنەوە ماهر ئەسەدی برای بەشار لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی پەکەکە داڵدەدرابێت و زۆرێک لە کادیرەکانیان لەلایەن رژێمی سوریاوە دەستگیرکراون و رادەستی تورکیا کران.
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کەجەکە بە زوومی گوت، هیچ ئامادەبوونێکی کارایان لە سوریا نییە، سەرکردایەتیی شەڕی داعشیان کرد و هاوکاری کورد و گەلانی دیکەی سوریایان کرد بۆ شکستپێهێنانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە دەبێت رێز لە یەکپارچەیی خاک و یەکێتی سوریا بگیرێت.
سەبارەت بە دۆخی ئۆجلانیش گوتی، ماوەی درێژخایەنی زیندانیکردنی ئۆجەلان بەربەستی گەورەی لە بەردەم پرۆسەی ئاشتی دروستکردووە، بەڵام هێشتا عەبدوڵا ئۆجالان دانوستانکاری سەرەکییە و ئەو دەتوانێت ناوچەکە لە ململانێوە بەرەو ئاشتی ببات.