زووم..
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 16 هەزار کەس تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، داواش دەکەن لێپێچینەوە لە هەموو ئەو فەرماندە و سەربازانە بکرێت کە تاوانیان ئەنجامداوە.
تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 16 هەزار کەس لە سوریا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، لەو ژمارەیەش شەش هەزار و 724 چەکداری سەر بە سوپاکەی بەشار ئەسەد بوون، هەروەها نۆ هەزار و 476 چەکداری دیکەشیان سەر بە گرووپە میلیشیاکان بوون.
تۆڕەکە لە راپۆرتەکەیدا دووپاتی کردووەتەوە، گرنگە مافی تەواوی سکاڵاکاران پارێزراو بێت و سکاڵاش لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت تاوانیان ئەنجامداوە.
داوای کردووە لێپێچینەوە لە تۆمەتباران بکرێت، ئەوانەی راستەوخۆ تاوانیان ئەنجامداوە یان ئەوانەی ناڕاستەوخۆ پشتگیرییان کردوون وەک هونەرمەندان و نووسەران و سیاسییەکان.