زووم…
وەزیرى نەوتى عێراق دەڵێت، پلانیان هەیە وەبەرهێنان لە غازى سروشتى لە کێڵگە نەوتییەکان پەرە پێبدەن، بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان.
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى گوتووە، ئامانجیان لە پەرەپێدانى وەبەرهێنان لە غازى سروشتى ئەوەیە، ئاستى بەرهەمهێنانى بەرزبکەنەوە و تا سێ ساڵى داهاتوو بیگەیەننە 600 ملیۆن پێ سێجا، هەروەها بەهەدەردانى غازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان کۆتایى پێبهێنن و پێداویستیى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەباى پێ پڕبکەنەوە.
وەزیر دەڵێت، ئەمساڵ لە پرۆژەى بەسرە ئێم جى ئێڵ وەن، 75 ملیۆن پێ سێجا غازى سروشتى بەرهەمهاتووە، پلانیان هەیە بیگەیەنینە 150 ملیۆن پێ سێجا، هەروەها پرۆژەى بەسرە ئێم جى ئێڵ توو هەیە، کە لە کۆتایى چارەکى یەکەمى ساڵى داهاتوو تەواو دەبێت و پێشبینى دەکەن ئاستى بەرهەمهێنانى غاز تێیدا بگاتە نزیکەى 75 ملیۆن پێ سێجا و دواتر بەرزبێتەوە بۆ 100 ملیۆن پێ سێجا، بەوەش دەتوانرێت چارەسەرى کارەباى نیشتمانیى بکرێت.
وەزیرى نەوت گوتووشیەتى، ساڵى رابردوو ئاستى بەرهەمهێنانى غازى سروشتى 150 ملیۆن پێ سێجا بووە، لەمساڵدا دەگاتە 200 بۆ 250 ملیۆن پێ سێجا و هەمووى دەنێرن بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.