زووم..
بۆ یەکەمجار وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە ئاشکرا دانی بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و چەند سەرکردەیەکی دیکە نا و دەڵێت، سەرکردەکانی حوسییەکانیش بەو دەردە دەبەین.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەدوای قسەکردن و هەڕەشەکردن لە حوسییەکان لە بۆنەیەکدا دانی نا بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی پێشووتری حەماس، یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشووی حەماس و حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵای لوبنانی.
لەبارەی هێرشی حوسییەکانەوە ئیسرائیل کاتز رایگەیاند، “ئەم رۆژانە کە حوسییەکان مووشەک بەرەو ئیسرائیل ئاراستە دەکەن، دەمەوێت پەیامێکیان پێ بگەیەنم، ئێمە شکستمان بە حەماس و حزبوڵا هێنا، سیستمی بەرگریی ئێرانمان چاوبەست کرد و رژێمی ئەسەدمان لە سوریا روخاند، بۆیە گورزێکی کوشندەش لە رێکخراوی تیرۆرستی حوسییەکان دەدەین.”
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری بەرگریی ئسیرائیل گوتی، “ژێرخانی ستراتیجی حوسییەکان لەناودەبەین و ملی سەرکردەکانیان دەپەڕێنین هەروەک چۆن ئەوەمان بەسەر هەنیە لە تاران، سنوار لە غەزە و نەسروڵا لە حزبوڵا هێنا، هەر ئاواش لە سەرکردەکانی حوسییەکان دەکەین لە حودەیدە و سەنعا.”
لە 31 تەمووزی 2024 لە نێو تاران ئیسماعیل هەنیە کوژرا و ئەوکات میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، بۆمب لە شوێنی حەوانەی دانراوە. لەکاتی کوژرانی سەرکردەکەی حەماسدا ئیسرائیل رەتیکردەوە پشتڕاستی بکاتەوە کە هێرشەکەی کردبێت.
لەدوای کوژرانی هەنیە، لە دوو ئۆپراسیۆنی جیاوازدا حەسەن نەسروڵا لە مانگی ئەیلول لە بەیروت و یەحیا سنوار لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران.