رۆژنامە فارسییەکان
هەمدلی
ئەکتەرە ئێرانییەکان لە تەلەفزیۆن هەڵدێن
تەلەفزیۆنی ئێران لە ساڵانی رابردوودا تووشی قەیرانی کەمبوونەوەی بینەر بووەتەوە، بەتایبەت دوای خۆپێشاندانەکانی دوو ساڵی رابردوو.
سەردەمانێک زنجیرە تەلەفزیۆنیەکان بەناوبانگەکان بوون، بەڵام ئێستا بە گەشەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سینەمای ماڵەوە و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، تەلەفزیۆن جێگەی خۆی لەدەستداوە.
ئەم گۆڕانکاریانە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دەستەواژەیەکی نەرێنی بەناوی “ئەکتەری تەلەفزیۆن”، کە بۆ زۆرێک لە هونەرمەندان بە مانای سنووردارکردنی پیشەیی و لەدەستدانی متمانە دێت.
زۆرێک لە ئەکتەرەکان پێیان باشە روو لە سینەما و تۆڕە دیجیتاڵییەکان بکەن و ئامادە نین لە تەلەفزیۆندا کار بکەن.
کار و کارگەر
وێستگەی وزەی خۆر بۆ دوو هەزار قوتابخانە دادەمەزرێت
وەزیری پەروەردە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ خێرخوازان بۆ دانانی وێستگەی کارەبای خۆر لە زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە راگەیاند.
عەلیرەزا کازمی دەڵێت، بە گوێرەی ئەم یاداشتە، وێستگەیەکی کارەبای خۆر بە توانای 20 کیلۆوات بۆ هەر قوتابخانەیەک دادەنرێت و نیوەی کارەبای بەرهەمهێنراو بۆ بەکارهێنانی قوتابخانەکانە و نیوەی دیکەش دەخرێتە ناو تۆڕی کارەبای وڵاتەوە.
ئەمە جگە لەوەی یارمەتی بەڕێوەبردنی کورتهێنانی وزە دەدات، داهاتێکی گونجاویش بۆ قوتابخانەکان بەدەست دەهێنێت.
کازمی جەختی لەوە کردەوە کە کورتهێنانی وزە دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزە نوێ و بەدامەزراوەییکردنی کولتووری بەکارهێنان لە خێزان و کۆمەڵگەدا.
ئارمانی ئیمروز
لە ئێران زیندانی کردنی پیاوان بەهۆی نەدانی مارەیی هەڵوەشایەوە
بەگوێرەی ئاماری بەندیخانەکانی ئێران لە ئێستادا 12هەزار زیندانی تاوانکاری نائەنقەست لە زیندانەکانی ئێراندا هەن کە هەزار و 613 کەسیان بە هۆی نەدانی مارەیی بە هاوسەرەکانیان زیندانی کراون.
لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە پیاوان بەهۆی نەدانی مارەیی قورس زیندانی دەکران، بەڵام لەگەڵ دەرچوونی یاسای نوێ لە ساڵی 2011، زیندانیکردنی پیاوان بەهۆی مارەیی زیاتر لە 110 لیره هەڵوەشایەوە و وەک قیست مارەییەکە بەگوێرەی داهاتی پیاوەکە مانگانە دابەشدەکرا.
لەم دواییانەدا پلانی هەموارکردنەوەی یاسای مارەیی لە پەرلەمان پەسەند کرا، کە بە هەموو جۆرێک رێگری لە زیندانیکردنی پیاوەکان بەهۆی مارەیی دەکات و لەبری زیندانیکردن سزای دیکە دیاریکراوە وەک کۆت و بەندی ئەلیکترۆنی.
ئاسیا
شوێنەوارێکی مێژووی لە کرماشان تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا
داریوش فەرمانی، بەڕێوبەری گشتی میراتی فەرهەنگی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، شوێنێکی دێرینی هەزاران ساڵە لە باشووری کرماشان تۆماری نیشتمانیی کرا.
ئەم ناوچەیە لە سەردەمی بەردینی کۆن ناسراو بە “سەنگ مانا” لە ساڵی 2021لەلایەن تیمی شوێنەوارناسیەوە دۆزرایەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەم ناوچەیە پەیوەندی بە سەردەمی بەردی کۆنەوە هەیە و تەمەنی هەزاران ساڵە.
ئەم ناوچەیە لە تۆماری نیشتمانیدا تۆمارکراوە و بەدواداچوون بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەم ناوچەیە دەکرێت و لە داهاتوودا ئەم ناوچەیە دەبێتە پارکێکی مۆزەخانەی سەردەمی بەردینی کۆن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
حکومەت شادەماری کاڵا خراپ و بێ کواڵیتییەکان دەبڕێت
لە هەنگاوێکى نوێدا، بۆ رێگریی کردن لە لێشاوى کاڵای خراپ و بێ کواڵیتى و ساختە، هەنگاوێک کە ئامانجی حکومەتی عێراقییە بۆ جێبەجێکردنى، دەزگای ناوەندیی بۆ پێوانەکاریی و کۆنترۆڵی جۆری، قۆناغی یەکەمى پرۆژەى ئامادەکاریی و کارپێکردنى 10 تاقیگەی نوێ رادەگەیەنێت، کە هاوکاتە لەگەڵ پێداگریی دەستەى گومرگەکان بۆ بەگەڕخستنى.
ئەندازیار فەیاز محەمەد، سەرۆکى دەزگاکە، بە رۆژنامەى سەباحى گوتوە، بەکارخستنى تاقیگەکان، ئەو کەموکورتییانەى پێشوو کەمدەکاتە بۆ هاوردە و هاتنەناوەوەى ئە کاڵاو و کەلوپەلە خراپ و ساختە و بێ کواڵیتیانە بۆ عێراق.
شەرقلئەوسەت
کۆریای باکوور پشتیوانییە سەربازییەکانى بۆ روسیا بەرامبەر نەوت و پارە زیاددەکات
بەرپرسانى هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ناردنى هێزی زیاتری کۆریای باکوور، لە لایەن کیم جۆن ئون، سەرۆکى ئەو وڵاتەوە بۆ روسیا، بەرامبەر زیادکردنى نەوتی روسیا بووە بۆ ئەو وڵاتە.
مانگە دەستکردەکان ئاشکرایان کردووە، پیۆنگ یانگ هێزی زیاتری ناردووە بۆ بەرەکانى جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین و لە بەرامبەیشدا روسیا پارە و نەوتێکى زۆری بۆ کۆریای باکوور ناردووە.
لە هاوینى ئەمساڵەوە کۆریا زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ناردووەتە روسیا، هاوشانى روسەکان دژ بە ئۆکراین دەجەنگن.
ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکى، سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت، زیاتر لە سێ هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە بەرەکانى جەنگ کوژراون.
عەرەب
هەرێمی کوردستان دوورە لەو ترس و نیگەرانییانەى عێراق لە گەڕانەوەی ترەمپ هەیەتى
پاراستنی شێوازی پەیوەندیی نێوان بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئەمریکی و سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئیدارەی جۆ بایدنەوە بۆ ئیدارە نوێیەکەى دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەیە بۆ سەقامگیریی پەیوەندیی نێوان واشنتن و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، جا سروشتی ئیدارەکەى ئەمریکا دیموکراتەکان بێت، یاخود کۆماریی.
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێر ئاماژەیە بۆ سەقامگیری پەیوەندییەکانی هەردوولا، بێ گوێدانە گۆڕانکارییەکانی ئیدارەکانی ئەمریکا.
پەیوەندییەکانى هەولێر و واشنتن، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەرجەستە بوو، کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مایکل واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی لە ئیدارەی ترەمپ ئەنجامدرا، چەند رۆژێکیش دوای سەردانەکەی جەنەڕاڵ کیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوەى ئەنجامدا.
عەرەبی جەدید
چارەنووسی هەسەدە گرێدراوە بە مەزاجی ترەمپ و هەڕەشەکانى تورکیاوە
هێزەکانى سوریای دیموکرات لە سوریای نوێدا چارەنووسیان گرێدراوە بە مەزاجی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى تازە هەڵبژێردراوى ئەمریکا بۆ بڕیارێکی کتوپڕ لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا، پاشان ئەو هەڕەشە و چاوسوورکردنەوانەى تورکیا لە ناوچەکانی ژێر قەڵمڕەوى هەسەدەوە دەیکات.
دۆسیەى هەسەدە، بووەتە دۆسیەیەکى سەرەکى سەر مێزى سەرۆکۆ ئیدارەى نویی سوریا و وڵاتانى رۆژئاوا و هەرێمی، تورکیا سەرنجی لەسەر دژایەتی و جەنگی هەسەدە و پارتی کرێکارانى کوردستان چڕکردووەتەوە، ئیدارەى جۆ بایدنیش کار لەسەر پشتیوانییان دەکات بۆ جەنگی دژ بە داعش و مەترسیی هەڵاتنى ئەو زیندانە داعشییانەى لە گرتوخانەکانى ژێر دەستى هەسەدەن و دەڵێت، هەر هێرشێکى تورکیا ئەو گیراوانە ئازاد دەکات.
ئیدارەى نوێی ترەمپیش باس و خواس لەسەر کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا دەکات، ئەمەش هەسەدە دەکاتە بێ پشت و پەنا و دەیخاتە بەر چنگى تورکیا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
داوا دەکرێت رێ بە هاتنی ئەسما ئەسەد بۆ بەریتانیا نەدرێت
وەزیری دادی لە حکومەتی سێبەری بەریتانیا بە کیەر ستامەر سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی گوتووە رێگە بە ئەسما ئەسەد، خێزانی سەرۆکی پێشووی سوریا بەشار ئەسەد نەدات پێ بنێتە نێو خاکی بەریتانیا، هەرچەندە لەو وڵاتە لەدایک بووە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیە.
رۆبێر جێنریک کە وەزیری سێبەری دادی بەریتانیایە دەڵێت نابێت رێگە بە ئەسما ئەسەد بدرێت ژیانێکی شاهانە لە وڵاتەکەیاندا بژیت، چونکە ئەو پێیوایە رێگەدان بە کارێکی لەمشێوەیە بێڕێزیکردنە بە ملیۆنان قوربانیی رژێمەکەی بەشار ئەسەد.
ژاپۆن تايمز
نيسان و هۆندا دەیانەوێت یەکبگرن
هەردوو کۆمپانیای ژاپۆنی نیسان مۆتۆر و هۆندا مۆتۆر لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی یەکبگرن و ببنە سێیەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا گفتوگۆکانی ئەو دوو کۆمپانیایە دەستیپێکردووە، لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان زیاد بکەن و داهێنانی نوێ لەبواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و خودئاژۆ بکەن.
ئۆرشەلیم پۆست
نەتانیاهۆ دانی بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی ئاگربەست نا
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند بەرەوپێشچوونێکی کەم هەبووە لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای حەماس، بەڵام نازانێت چەندی دیکە دەخایەنێت بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
نەتانیاهۆ پێیوایە سێ هۆکار هەن بۆ ئەوەی بەرەو رێککەوتن بڕۆن: یەحیا سینواری سەرۆکی حەماس لەنێوبراوە، ئێران و حزبوڵلا چیتر چالاکانە پشتیوانی حەماس ناکەن و حەماسیش بەردەوام زەبری بەهێز بەر دامەزراوە و پەیکەری رێکخستن و سەربازیی دەکەوێت.
عەرەب نیوز
هێرشە تۆقێنەرەکانی سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە غەزە بەردەوامن
حوسام ئەبو سەفییە، بەڕێوەبەری یەکێک لەو دوو نەخۆشخانەیەی کە لە غەزادا ماونەتەوە و خزمەت بە هاوڵاتیانی کەرتەکە دەکەن، رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان بەردەوامە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بێنە سەرخەت بەرلەوەی درەنگ بکەوێت.
ئەو دەڵێت لەئێستادا 91 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەیدا چارەسەریی وەردەگرن، بەڵام درۆنەکانی ئیسرائیل بەردەوام هێرش دەکەنە سەر باڵەخانەی نەخۆشخانە و سەربانەکەی و زیانی گەورەیان پێگەیاندووە، هاتنەژوورەوەی گولـلە بۆ هۆڵی نەشتەرگەریی، منداڵبوون و چاودێریی چڕ، ترسێکی زۆری لای نەخۆشەکان درووستکردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
داودئۆغڵو ئامادەیی نیشانداوە لە نێو ئاکپارتیش کاربکات
ئەحمەد داودئۆغڵو کە پێشتر لەنێو ئاکپارتیدابوو، دەڵێت، لە ئێستادا سیاسەت لە تورکیا پێویستی بە خۆرێکخستنەوە هەیە، بۆیە ئامادەیە لەنێوخۆی ئاکپارتی یان دەرەوەی ئاکپارتیشدابێت بەشداربێت لە قۆناغی خۆرێکخستنەوە.
تورکیا
ئەردۆغان دەڵێت دوای نەمانی تیرۆر کورد و عەرەب پێکەوە لەباوەش دەگرێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا رایدەگەیاند، لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا، باس لە بەرەنگاریی داعش و پەکەکە کراوە.
ئەردۆغان دەڵێت ئەمڕۆ یان سبەی لە بەڵای تیرۆر رزگارمان دەبێت و ئەو دیوارە دەروخێنین، ئەوجا کوردەکان، عەرەب و تورکەکان بە یەکەوە لەباوەش دەگرین.
جمهوریەت
ئاماژەی کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا هەیە
ترەمپ کە هێندەی نەماوە بچێتە سەر کورسی سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا، والتز-ی وەک راوێژکاری ئاسایش دەستنیشان کردووە، ئاماژەیەکە بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سوریا.
ئەو پێشتر گوتویەتی، ” بە هیچ شێوەیەک پێویستمان بەوە نییە چیدیکە پۆستاڵی ئەمریکییەکان لە سوریا بێن و بچن.”