زووم..
هەفتەى رابردوو زووم لە زارى سەرچاوەکانییەوە ئاشکرایکرد، یەکێتى بۆ کابینەى نوێى حکومەت داواى پۆستى وەزیرى ناوخۆى هەرێم دەکات، ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی باڵاى پارتی دیموکراتى کوردستان بە زوومی راگەیاند، پەیامیان بۆ یەکێتی ناردووە پۆستی وەزیری ناوخۆ نادرێت بە یەکێتی.
سەرچاوەکە دەڵێت، هەرچەندە یەکێتی بە فەرمی داوای هیچ پۆستێکی نەکردووە، بەڵام ویستی ئەوەیان هەیە وەزیری ناوخۆ وەربگرن، سەرچاوەکە گوتى، وەزیری ناوخۆ بۆ پارتی ستراتیژیی و گرنگە و نایدەن بە یەکێتی.
لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت شاندی دانوستانکارى پارتی و یەکێتی تائێستا دوو کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، زووم زانیویەتی یەکێتی بەنیاز نییە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت و چاوی لەسەر جێگری سەرۆکی هەرێمە، بەڵام بەو مەرجەی یەک جێگری هەبێت.
پێشتر زووم ئاشکرایکردبوو، یەکێتی رازییە مەسرور بارزانی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، بەڵام بەو مەرجەی پارتی پۆستی وەزیری ناوخۆ بدات بە یەکێتی، پاکیجێکەی یەکێتی بەجۆرێکە کە لە بەرامبەر پۆستی وەزیری دارایی داوای وەزیری سامانە سروشتییەکان و لە بەرامبەر وەزیری شارەوانی داوای سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن.
هەرچەندە میدیاکانی یەکێتی باس لەوە دەکەن کە حزبەکەیان داوای دوو ساڵ بە دوو ساڵی بۆ پۆستەکانى سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێم کردووە، بەڵام زووم دەزانێ ئەمانە بە پارتی نەگوتراوە، چونکە پارتی بە فەرمی و بەئاشکرا بە یەکێتی گووتوە، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران لای خۆی دەبێت، دوایین گۆڕانکاریش ئەوەیە کە پارتی ئامادە نییە تەنانەت پۆستی وەزیری ناوخۆش بدات بە یەکێتی.