زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
تورکگون
باخچەلی بانگەوازێکی دیکە بۆ دەم پارتی دەکات
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاند، کوردەکان برای منن. پێویستە دەم پارتی لە هەماهەنگی سیاسیی لەگەڵ جەهەپەدا دوور بکەوێتەوە و ببێتە پارتێکی تورکیایی راستەقینە.
باخچەلی راشیگەیاندووە، چاوەڕێی ئەوەین لەپاش دیدارەکەى شاندی دەم پارتی و ئۆجالان پرسی تیرۆر لە تورکیا کۆتایی پێکبهێندرێت و ئاسایش و سەقامگیریی بۆ تورکیا دەستەبەربێت.
یەنیچاخ
ئەربەکان: تێچووی پڕۆسەی هاوسەرگیریی گەیشتووەتە یەک ملیۆن لیرە
فاتیح ئەربەکان سەرۆکی گشتی پارتی سەرلەنوێ رەفا دەڵێت، گەنجەکانی تورکیا بەهۆی گرانی و قورسی ژنانەوە چیتر پڕۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجام نادەن بەو هۆیەی تێچووی پڕۆسەی هاوسەرگیریی زۆر بووە و لەنێوان 750 هەزار بۆ یەک ملیۆن لیرەى تورکی.
راشیگەیاندووە، ئەمە پرسێکی جدییە و ئەگەی هەیە رێژەى سەرژمێری وڵات کەمبکاتەوە.
یەنی ئاسیا
ناڕەزایەتییەکان لە دژى قەیوم بەردەوامە
نزیکەى 300 کەس، لە چینی نوسەران، هونەرمەندان، پەڕلەمانتارانی خولی پێشووتر بەیانامەیەکیان نوسیوە لەدژی دانانی قەیومن و هەوڵەکانی حکومەتیان بۆ دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییەکانی دەم پارتی و جەهەپە ئیدانە کردووە.
راشیانگەیاندووە، قەیوم کودەتایە بەسەر دیموکراسیدا و داواشیان کردووە تەواوی پارتە سیاسییەکانی تورکیا لەدژى قەیوم کۆدەنگ بن.
جمهورییەت
دۆسیە لەسەر سەرۆکی ژووری پارێزەرانی ئیستەنبوڵ کرایەوە
داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ دۆسیەى یاسایی لەسەر سەرۆکی ژووری پارێزەرانی ئیستەنبوڵ کردەوە. دۆسیەکە بە پاساوی بانگەوازکردن و پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی کراوەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆکی ژووری پارێزەران ئیدانەى کوشتنى دوو رۆژنامەنوسی لە رۆژاڤای کوردستان کردووە.
رۆژنامه فارسییەکان
باختەر
پچڕانی کارەبا بەرهەمی پیشەسازیی کرماشانی 40% کەمکردوە
پچڕانی کارەبا و ناهاوسەنگی وزە بۆتە کێشەیەکی گەورە بۆ پیشەسازییەکانی ئێران و رۆژانە 100 ملیۆن دۆلار زیان لە ئابووریی ئێران دەدات.
پیشەسازیەکانی کرماشان، هەفتەی دوو بۆ سێ رۆژ تووشی پچڕانی کارەبا دەبنەوە و بەرهەمهێنانیان بە رێژەی لەسەدا 40٪ کەمیکردووە.
تێچووی قورسی بیمە و باج و قیستی بانکی بەردەوامە لەسەر پیشەسازییەکان و زۆرێکیان بە هۆی بەرزبوونەوەی تێچوویانەوە ناچاربوون کرێکاران لە کارەکانیان دووربخەنەوە و ئەمەش قەیرانی بێکاری لە کرماشان زیاتر دەکات.
روزگار
کەناڵی فارسی TRT هەنگاوێکە لە پێناو سیاسەتی عوسمانی نوێ
دەستپێکردنی کاری کەناڵی TRT فارسی لەلایەن تورکیاوە ستراتیژییەکی فرەلایەنەیە لە پێناو سیاسەتی عوسمانی نوێی ئەردۆغان، کە ئامانج لێی فراوانکردنی کاریگەریی کولتووری، ئابووری و سیاسی تورکیایە لەسەر ئێران.
تورکیا بە کەڵک وەرگرتن لە لاوازیی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران هەوڵدەدات کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی خەڵک و بە تایبەت ئازەرییەکان هەبێت.
کەناڵی TRT فارسی ئامانجی ئەوەیە بە ناوەڕۆکی هەمەچەشن وەک زنجیرە دراما و شیکاریی هەواڵە سەرنجڕاکێشەکان سەرنجی خەڵکی ئێران راکێشێت و ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە کە پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی میدیاکانی ئێران هەیە.
ئەبرار
گەشتی راستەوخۆ لە هەولێر و بەغداد بۆ دورگەی کیش دەستیپێکرد
بەڕێوەبەری بەندەر و فڕۆکەخانەکانی کیش لە باشووری ئێران رایگەیاند، دوای دامەزراندنی گەشتی راستەوخۆ لە کیشەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، رێژەیەکی بەرچاوی گەشتیارانی عێراقی لە دوورگەی کیش زیادبووە.
عیزەتوڵڵا محەمەدی دەڵێت،لە مانگی رابردوودا، 48 گەشتی ئاسمانی ئەنجام دراوە که چوار هەزار و 778 گەشتیاری عێراقیان هێناوەتە کیش.
هەروەها بەهۆی جەماوەری زۆری گەشتیاره عێراقییەکان، هەفتەی رابردوو گەشتێکی راستەوخۆ لە هەولێرەوە بۆ کیش دامەزراوە و پێشبینی دەکرێت هاتنی گەشتیاران زیاتر ببێت.
فڕۆکەخانەی کیش یەکێکە لە فڕۆکەخانە مۆدێرنەکانی ئێران و ساڵانە توانای وەرگرتنی شەش ملیۆن گەشتیاری هەیە.
ئەفکار
بەشێکی زۆر لە رێگای گوندەکانی پارێزگای سنە هێشتا خۆڵن
بەرێوەبەری گشتی رێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەزار و 500 کیلۆمەتر رێگاوبانی گوندەکانی پارێزگاکە پێویستیان بە قیر هەیە.
فەرزاد حەسەنی دەڵێت، تا ئێستا 3505 کیلۆمەتر رێگا قیر کراوە و لە دوو ساڵی رابردوودا رێوشوێنی گرنگ لەو بوارەدا گیراوەتەبەر.
ناوبراو گوتی، رێگاکانی پارێزگای سنە زۆربەیان مەترسیدارن بەڵام بە پلانی باشترکردنی رێگاوبانەکان تا ئێستا 3100 کیلۆمەتر رێگاوبانەکانی پارێزگاکە هێڵکاری کراون و رێوشوێن دەگیرێتەبەر بۆ چاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە زیاتر تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبنەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
خامنەیی: لەناوچەکەدا پێویستمان بە بریکار نییە
عەلى خامنەیی رێبەرى کۆماری ئیسلامی ئیران رایگەیاند، وڵاتەکەیان لەناوچەکەدا هیچ بریکارێکیان نییە، ئەگەر بیانەوێت خۆیان هەموو کارێک ئەنجام دەدەن.
ئەوانەى کە بەردەوام باس لەوە دەکەن لەناوچەکەدا ئێمە بریکارەکانمان لەدەستدابێت بەهەڵەدا چوون، سەبارەت بەو لێدوانانەى بەرپرسێکى ئەمریکی کە گوتبووى هەرکەس لە ناوخۆی ئێران کار بکات بۆ روخانى ئەو رژێمە هاوکاریی دەکەن خامنەیی رایگەیاند، بەهەڵەدا چوون و بە بۆنى کەباب تێکەوتوون، گەلى ئێران بەکرێگیراوانى ئەمریکا ئەخەنە ژێر پێیان.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانى سوریا ڕوو بە ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئێوە سەرکەوتوو نەبوون، ئێوە دۆڕاون، دڵنیام هێزێک پەیدا دەبێت و ئێوە لە سوریا دەکاتە دەرەوە.گوتیشی، حوسی و حزبوڵا و حەماس و جیهاد نوێنەرایەتى باوەڕداران دەکەن و بە ئیمانەوە لەدژى داگیرکەران دەجەنگن ئەوان بۆ ئێمە جەنگ ناکەن بۆ باوەڕی خۆیان دەجەنگن، ئێران ئەگەر بیەوێت کارێک بکات راستەوخۆ خۆی دەیکات.
سەباح
لە سەرەتاى ساڵی نوێدا عێراق 24 پرۆژەى جەنگی دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە
موحسین خزەیر بەڕێوەبەری کۆمپانیاى گشتى پیشەسازیی سەربازیی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتاى ساڵی 2025 ـدا 24 پرۆژەى گرنگی سەربازیی دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە کە ئۆتۆمبێل، تفەنگ، فیشەک و فرۆکەى بێفرۆکەوانیان تێدایە و لەماوەى سێ مانگی یەکەمدا هەموویان دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەى گوتەکانى بەڕێوەبەری کۆمپانیاى گشتى پیشەسازیی سەربازیی ساڵانە بۆ هەریەک لە دەمانچە، کڵاشینکۆف، ئێم فۆڕ و بابل 16 ، یەکى 30 دانە دەخەینە بەردەست وەزارەتى بەرگریی و ناوخۆ، کامێراى چاودێریی شەوان و فرۆکەى بێفرۆکەوانی چاودێریی کە هەڵگری کامێرای حەراریی و شەوانە بە رێژەی پێویست دەخەینە بەردەست و لە گەڵ هێزە ئەمنییەکاندا گرێبەستەکانیان تەواوکراون، راشیگەیاندووە، لەبوارى جەنگی ئەلیکترۆنیشدا بۆ یەکەمجار لە عێراق پرۆژەیەکى تایبەتمان هەیە دەیخەینە بوارى جێبەجێکردنەوە، گوتشی لە ساڵی 2025 دا بەڕێژەى 75% پێداویستییە سەربازییەکانى ناوخۆ پڕدەکەینەوە.
مەدا
ئەگەر ئاوارە و هاووڵاتییە سورییەکانى هەرێمى کوردستان بگەڕێنەوە کێ جێگەیان دەگرێتەوە
بەگوێرەى ئامارێکى فەرمی زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەى سورى لە شارەکانى هەرێمى کوردستان دەژین، لەو ژمارەیەش رێژەیەکى زۆریان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کاردەکەن، بەتایبەتى لە بوارەکانى ریستۆرانت، هوتێل، کەرتى گەشتیاریی، کارگەکان، خاوێنکردنەوە و بەنزینخانەکان و چەند بوارێکی دیکەدا کاردەکەن، بەڵام لەپاش روخانى رژێمەکەى ئەسەد خواستى گەڕانەوە لایان زیادیکردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە بەگەڕانەوەى ئەو ئاوارانە کەلێنێکى زۆر دەکەوێتە بازاڕەکانى کوردستان و کێشەش بۆ خاوەن کارەکان دروستدەبێت لەبەر ئەوەى ئاوارە سورییەکان بە پارەیەکی کەمتر لە خەڵکی هەرێمى کوردستان کارەکانیان کردووە، لە درێژەى بەدواداچوونەکانى رۆژنامەکەدا بڵاویکردووەتەوە، کە بەهۆی رێژەى زۆرى بێکاریی لە هەرێمى کوردستان و دانەمەزراندنى دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان پێدەچێت ئەو بۆشاییە گەورەیە دروستنەبێت، بەڵام کێشە لەو شوێنە تایبەتانەدا دروستدەبێت کە سورییەکان بەتایبەتى بەڕێوەیان بردووە بەتایبەتى لەبوارەکانى خواردندا و ناسراوبوون بە ریستۆرانت و خواردنگە سورییەکان، ئەوە لە کاتێکدا هێمن گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە هیچ نیەتێک لە ئارادا نییە هەرێمى کوردستان فشار بخاتە سەر هاووڵاتیانى سوریا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
عەرەب
سودانی لە موسڵ گوتی رێگە بە گەڕانەوەی داعش نادەین
لە پەیامێکی سیاسیدا سەرۆکوزیرانى عێراق، لە میانى دانانى بەردى بناغەى یاریگایەک لە موسڵ ، باسی لەوەکرد موسڵ لە رووی گەشەپێدان و ئاسایشەوە پارێزراوە، تەواو پێچەوانەی ئەوەی لە سەردەمی نووری مالیکیدا لە موسڵ دەبینرا.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو دۆخە دڵەڕاوکێیەى لەنێو دانیشتوانی پارێزگاکە بڵاوبووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە سوریا روودەدەن، کە پێشتر و لە سەروەختى پەلاماردانەکانى داعش لە خاکی سوریاوە پارێزگاکە کەوت، پەیامێکى بەهێزی نارد سەبارەت بە توانای حکومەتەکەی بۆ پاراستنی پارێزگاکە لەڕووی ئەمنییەوە و بەهێزکردنی لەڕووی گەشەپێدانەوە.
سەرۆکوەزیران بەڕوونی ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، دژی گەڕانەوەی توندڕەوی و تیرۆر و هاوشێوەى چەکدارانى داعشن لە پارێزگاکە و سەرجەم خاکى عێراق، وەک ئەوەی لە ساڵی 2014دا بەدیکرا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز
حوکمڕانی تازەی سوریا بەڵێن دەدات دەستوەرنەداتە کاروباری لوبنان
ئەحمەد شەرع، سەرکردەی تازەی سوریا، بەڵێنیدا بە سەرکردەکانی نەتەوەی درووزییەکانی لوبنان کە وڵاتەکەی دەستوەرناداتە کاروبارەکانی لوبنان. رێز لە سەروەری خاکی دراوسێکەی و یەکگرتووی سنورەکانی و سەقامگیریی ئاسایشەکەی دەگرێت.
دانی بەوەشدا نا کە وڵاتەکەی لەژێر حوکمڕانی بەشار ئەسەدا بووەتە سەرچاوەی ترس بۆ وڵاتانی دراوسێی. کۆبوونەوەی شەرع لەگەڵ ئەو سەرکردانەی درووزییەکان دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی شاندێکی لوبنان لەدوای رووخانی رژێمەکەەی ئەسەدەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا بەنیازە هێرشی سەر حوسییەکان چڕتر بکاتەوە
ئەمریکا بڕیاری داوە چالاکییە بەرگرییەکانی لە دژی حووسییەکانی یەمەن چڕتر بکاتەوە. چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە رایانگەیاندووە، بڕیارەکە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە ئەمریکا دراوە. بۆ ئەوەیە وەک ساڵی رابردوو نەبێت کە چەندین کۆمپانیای نێودەوڵەتیی بەردەوام ترسیان لەوە هەبوو کەشتییە بارهەڵگرەکانیان بچنە رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوورەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل راوێژی کردووە و لەسەر ئەوپرسە هەماهەنگن.
دەیلی تەلەگراف
لە رێگەی ناسینەوەی دەمووچاو؛ رێگە نادرێت منداڵان سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنن
نوسینگەی ئۆفکۆمی حکومەتی بەریتانیا، کە تایبەتە بە چاودێریکردنی دامەزراوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە، بەنیازە پلانێک رابگەیەنێت کە تێیدا کۆمپانیاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ناچاردەکات لەڕێگەی ناسینەوەی دەموچاوەوە رێگریی لە منداڵان بکات ئەو تۆڕانە بەکاربهێنن.
میکانیزمەکەکەشی بەشێوەیەک دەبێت لەڕێگەی کامێرای مۆبایل یان تابلێتەکەوە کە زانرا منداڵ بەکاری دەهێنێت لە بەرنامەی سۆشیاڵ میدیاکە دەیکاتە دەرەوە. ئەگەر کۆمپانیاکانیش پابەند نەبن بەم رێکارەوە، چەندین ملیار پاوەن سزای دارایی دەدرێن. ئامانجیش لێی پاراستنی سەلامەتیی منداڵانە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە.
تایمز
ئاگربەستەکەی سوریا لە مەترسیدایە
پێکدادانەکانی سوپای تورکیا و هێزە کوردییەکانی سوریا خەریکە ئەو ئاگربەستەی کە بە نێوەندگیریی واشنتن هاتە کایەوە لەباردەبات. سوپای تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام تۆپبارانی ناوچەکانی باکووری سوریا دەکات کە لەژێر دەستی هێزە کوردییەکاندایە. هێزەکوردییەکانیش لە ئێستادا داوای پاراستنی ئەو دەستکەوتانە دەکەن کە لەماوەی 13 ساڵی رابردووی جەنگدا بەدەستیان هێناوە و وەک براوەیەکی جەنگەکە دەردەکەون کە چارەکێکی خاکەکەیان لەدەستدایە و هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.