زووم:
دوای چەندین مانگ دانوستان و کۆبوونەوە، هاوپەیمانی گەل، کە بە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا دادەنرێت، کۆبوونەوەیەکی گشتی بە بەشداری شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدا و رەشنووسی گۆڕینی دەستووری بنەڕەتی تورکیای بڵاوکردەوە.
شەش پارتەکە بریتین؛ لە جەهەپە، پارتی باش، پارتی دەڤا، پارتی سەعادت، پارتی دیموکرات و پارتى دوارۆژ، ئەوان ئەمڕۆ لە ئەنقەرەى پایتەخت کۆبوونەوە.
سیستمی تاکڕەوی کۆتایی پێدەهێنن
بەگوێرەى رەشنووسەکە لەکۆى 177 مادەى بنەڕەتى دەستوور، 84 مادەیان گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، لەنێویاندا گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی تێدایە و وەک دەڵێن، سیستمی تاکڕەوی کۆتایی پێدەهێنن.
موحەڕەم ئەرکەک، جێگری سەرۆکی گشتی جەهەپە رایگەیاند، کاتێک کۆمەڵگە بەتەواوی لە رەشنووسی گۆڕینی دەستوور تێگەیشت، رەوانەی پەرلەمانى دەکەن.
ئەو گوتی، سیستمی سەرۆکایەتی سەرچاوەی هەموو قەیرانەکانی تورکیایە، ئۆپۆزسیۆن هەوڵدەدات، سیستمەکە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی و لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بێت.
لە رەشنووسی گۆڕینی دەستووردا، باسی یاسای سەپاندنی قەیووم کراوە، پێویستە هەمواربکرێتەوە.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) قوربانی سەرەکی قەیومە، بەگوێرەی یاساکە قەیوم لە جێگەی دەیان سەرۆک شارەوانی هەدەپە دانراون.
ئۆپۆزسیۆن هەوڵ دەدات بەربەستى 7% بۆ 3% کەم بکاتەوە
مادەیەکی دیکەى دەستوور، کە ئۆپۆزسیۆن هەوڵی گۆڕینی دەدات، بەندی 7٪ی هەڵبژاردنەکانە، دەیانەوێت ئەو بەربەستە بۆ 3٪ کەم بکەنەوە.
بەگوێرەی راپرسیەکان، جگە لە جەهەپە و پارتی باش، لایەنەکانی دیکەی هاوپەیمانی گەل، ناتوانن بەندی 7٪ی هەڵبژاردن تێپەڕێنن و بچنە نێو پەرلەمان.
مادەیەکى دیکەى دەستوور، کە ئۆپۆزسیۆن دەستی بۆ بردووە، یاسای بیروڕای ئازادە، کە نابێت هیچ کەسێک بەهۆی بیروڕای ئازادەوە تاوەکو ئەوکاتەی ئاسایشی نیشتیمانی نەکەوێتە مەترسیەوە فشاری بخرێتەسەر.
هەروەها مادەیەکی دیکەى تایبەت بە میدیای ئازاد و یاسای رۆژنامەنووسی، ئامانجى ئۆپۆزسیۆنە گۆڕانکارى تێدا بکرێت.
گرنگترین گۆڕانکاریش، کە لە تورکیا زۆر جار باسی دەکرێت و دەبێت بە رۆژەڤ، سەربەخۆیی دادگا و دەسەڵاتی دادوەریە، کە ئۆپۆزسیۆن باسی ئەوە دەکات، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری لەژێر دەسەڵاتی پارتە دەسەڵاتدارەکان دەربهێنرێت.
دوێنێ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە، بە فەرمی دەستپێکردنى قۆناغى هەڵبژاردنى راگەیاند، ئیدى تورکیا بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ بەرەو کەشی بانگەشەی هەڵبژاردن هەنگاودەنێت، کە بڕیارە لە حوزەیرانی 2023 هەڵبژاردنى پەرلەمان و سەرۆکایەتى ئەنجام بدرێت.