زووم..
لە گوندی مەحمود قەجەر سەر بە ناحیەى قۆرەتووی ئیدارەى گەرمیان، بەهۆی تەقینی سیستەمی غازەوە مندالێک گیانى لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە برینداربوون.
عەلی جەمال قدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، یەکێک لەبریندارەکان منداڵێکی دە ساڵانە، بەهۆی زۆری رێژەی سوتانەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، باوک و برایەکی لەگەڵ دوو خوشکی دیکەشی برینداربوون.
عەلی جەمال قدوری دەڵێت، سەرجەم بریندارەکان گەیەنراوەنەتە خۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار و لەژێر چارەسەری پزیشکیدان.
گوتەبێژەکەى پۆلیسی گەرمیان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، تەرمی ئەو منداڵەى گیانى لەدەستداوە، بە مەبەستى توێکاریی رەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراوە، پۆلیس چۆتە شوێنی روداوەکە و لەسەر هۆکاری روداوەکە دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە.