زووم..
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ئەوان لە سوریا حوکمی فیدراڵییان ناوێت، بەڵکو ئیدارەی خۆسەر و حوکمی لامەرکەزییان دەوێت، دەشڵێت، بەشێک نین لە پارتی کرێکارانی کوردستان و پەیوەندییان لەگەڵیاندا نییە.
مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤ـی عەرەبی گوتی، تورکیا هەمیشە تۆمەتباریان دەکات بەوەی دەبنە هەڕەشەی ئەمنی بۆسەر کۆبانێ، بۆیە پێشنیازیان کردووە و ئامادەن هیزەکانیان لە کۆبانێ بکشێننەوە بەو مەرجەی ئەمریکا خۆی چاودێریی شارەکە بکات.
عەبدی باسی لەوە کردووە مەترسی لەسەر کۆبانێ هەیە، هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا بەردەوامن، ئەوانیش لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە گفتوگۆی بەردەوامدان، هاوکات لەگەڵ حکومەتی ناوخۆی دیمەشق گفتوگۆ دەکەن لەپێناو راگەیاندنی ئاگربەست لەو ناوچانە.
گوتووشیەتی، یەپەگە و هەسەدە پێش هاتنی ئەمریکا هەبوون و دژی داعش بەرگرییان کردووە، کاتێک ساڵی ٢٠١٥ هەسەدە دامەزرا، ئامانج لێی ئەوە بوو ببێتە هێزێکی نیشتمانی، بۆ ئەو مەبەستەش قوربانیی زۆر دراوە.