زووم..
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بچێتەوە بەغداد، لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق گفتوگۆ لەبارەى ئەو کێشانە دەکەن، کە تائێستا لە کۆڵى مووچەخۆران نەبووەتەوە.
هەفتەى رابردوو لیژنەیەکى وەزارەتى دارایی هاتنە هەولێر، وردبینیان کرد لە میزان موراجەعەی هەرێمى کوردستان و بەوشێوەیەی عێراق داوای دەکات رێکخرایەوە، هەروەها وردبینى کراوە بۆ ئەو پارانەی لە بەغدادەوە نێردراون و ئەوانەشی لە داهاتی ناوخۆ خەرجکراوە، بەتایبەتى بۆ پرکردنەوەی مووچە.
ئەم شاندەى ئەمڕۆ، کە لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و تیمێکى تەکنیکی پێکهاتوون، لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق، ئەنجامى کارەکانیان دەخەنە سەر مێزى گفتوگۆ، ئەگەر دۆخەکە بەرەو چارەسەر بڕوات، پرۆسەى ناردنى 430 ملیار دینارى تەواوکارى مووچە و 130 ملیار دینارى مووچەى مانگى 11 دەستپێدەکات، دواتریش باس لە ناردنى مووچەى مانگى 12 دەکرێت، کە چارەنووسی بۆ مووچەخۆران روونیە.