زووم:
تۆماج ساڵحی، راپەرێکى دیاری ئێرانە و لە کۆتاییەکانى مانگى رابردووەوە بەهۆى پشتیوانیکردنى لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى وڵاتەکەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، لە دوایین دانیشتنى دادگادا کە رۆژی شەممەى رابردوو بەڕێوەچوو، تۆمەتی “دژایەتی خودا و بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی” درایە پاڵ، تۆمەتێک کە رەنگە روبەڕوى سزاى لەسێدارەدانى بکاتەوە.
تۆماج ساڵحی، لە 3ی کانوونى یەکەمى 1991 لە تاران لەدایکبووە، یەکێک بووە لە راپەرە دیارەکان، پێشتر سێ جار لەسەر بەرهەمەکانی دەستگیراوە کە بەگشتی گۆرانییەکانی باس لە ھەژاریی، بێکاریی، ئازادیی و چەوسانەوە دەکات.
چەند رۆژێکى کەم پێش دەستگیرکردنى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵى “سی بی سی نیوز” کە لە 30ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، تۆماج گوتویەتى “مافیایەک هەیە کە ئامادەیە هەموو نەتەوەکەی بکوژێت، لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و چەک و پارە”.
With hundreds of thousands of followers on Twitter and equally high YouTube views, Toomaj Salehi has used his lyrics to openly criticize the regime, channeling a collective social anger over the way Iran has been ruled since the 1979 Revolution. https://t.co/emKkJAeFzI
— CBC News (@CBCNews) October 31, 2022
بەگوێرەى زانیارییەکانی فرانس پرێس، دادگا رێگەی نەداوە تۆماج پارێزەری هەبێت و دانیشتنی یەکەمی دادگاییەکە بێ بوونی پارێزەر بەڕێوەچووە کە تێیدا ساڵحی تۆمەتبارکراوە بە “دژایەتی خودا و بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی” کە بەگوێرەى یاساکانی ئێران، هەرکەسێک ئەم تۆمەتەى بەسەردا ساخ ببێتەوە، سزای لەسێدارەدان دەیگرێتەوە.
ئیقباڵ ئەگبالی، مامی تۆماج رایگەیاندووە، تۆماج لە زیندانێکی ئەسفەهانە و روبەروی ئەشکەنجە بووەتەوە، وەکو مامی دەڵێت، خێزانەکەیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر تەندروستی تۆماج نییە و رێگەیان نەداوە نە بیبینن نە تەنانەت گوێیان لە دەنگی بێت.
لە سەرەتاى ئەم مانگەدا میدیاکانى سەربە حکومەتى ئێران، گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکرایەوە کە کەسێک بە چاوی بەستراو دەردەکەوێت و گوایە تۆماجە، لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت “من هەڵەم کرد”، چالاکانى مافی مرۆڤی ئێرانیش دەڵێن، ئەم دانپێدانان و ڤیدیۆیە بەزۆر بە تۆماج کراوە.
راپەری کورد “سامان یاسین” هەمان تۆمەتى ئاراستەکراوە
پێشتریش راپەری کوردى خەڵکى کرماشان “سامان یاسین” تەمەن 27 ساڵ، دەستگیرکرا و لە 10ی تشرینی دووەم بە هەمان تۆمەتی “دژایەتی خودا و بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی” دادگایی کرا و ئەویش مەترسى ئەوەى لەسەرە کە بریاڕی لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت.
خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە 16ی ئەیلولی 2022ەوە دەستیپێکردووە، تائێستا 451 کەس کوژراون و زیاتر لە 18 هەزار کەس دەستگیرکراوە، بەگوێرەى ئەو ئامارانەى کە لەلایەن رێکخراوەکانى مافى مرۆڤى ئێرانەوە بڵاودەکرێنەوە و ئۆفیسەکانیان لە وڵاتانى ئەوروپییە.