رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەنتەرپوڵ داوا لە بەیروت دەکات بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئاسمانى رژێمەکەى ئەسەد دەستگیربکەن
دواى کەوتنى بەشار ئەسەد و رژێمەکەى، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى یەکەم هەنگاوى یاسایی لە دژى ئەو رژێمە دەستی پێکرد.
پۆلیسى ئەنتەرپول داواى لە دەسەڵاتدارانى لوبنان کرد، لیوا جەمیل ئەلحەسەن بەڕێوەبەرى دەزگاى هەواڵگریی ئاسمانى سوریاى سەردەمی ئەسەد دەستگیربکەن، کە ئێستا لە لوبناندایە ، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە دواى ئاگادارکردنەوەى دەسەڵاتدارانى لوبنان قازی جەمال حەجار نوسراوى فەرمی کردووە بۆ سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکانى وڵاتەکەى و داواى لێکردوون بە زووترین کات لیوا جەمیل بدۆزنەوە و رادەستى دادگاى بکەن.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە ئەو بەرپرسە باڵایەى سوریا تاوانى جەنگی ئەنجامداوە، دەستى هەبووە لە کۆمەڵکوژییەکاندا، هاوکاریی بەرپرسانى سەربازیی و ئەمنى سوریاى کردووە بۆ دەستگیرکردنى هەزاران هاووڵاتى بێگوناهى ئەو وڵاتە.
راپۆرتى رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە لوبنان بووەتە شوێنێکى ئارام و گونجاو بۆ خۆشاردنەوەى بەرپرسانى پێشووى رژێمەکەى ئەسەد.
سەباح
سێ هەزار خوێندکاری بیانى لە عێراق دەخوێنن
دکتۆر نەعیم عەبودی وەزیری خوێندنى باڵاى عێراق رایگەیاند، ژمارەیەکى زۆر لە قوتابییانى بیانى و عەرەب لە زانکۆکانى عێراقدا درێژە بەخوێندن دەدەن و ژمارەیان لە ئێستادا سێ هەزار خوێندکارى تێپەڕاندووە، بەگوێرەى لێدوانەکانى عەبودی زۆرینەى خوێندکارەکان خەڵکی کیشوەرەکانى ئاسیا، ئەفریقیا و ئەوروپان.
ئاماژەى بەوەشکردووە ئەو ژمارە زۆرەى روویان لە عێراق کردووە لەبەر ئەوەیە کە زانکۆکانى عێراق پێشکەوتنى لەبەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە.
عەرەب
میدیا رۆژئاواییەکان رووى ئەبومحەمەد جۆلانى سپیی دەکەنەوە
دواى گۆڕانکارییەکانى سوریا میدیای رۆژئاوا چاوى لەسەر جۆلانییە، وا باسی دەکەن ئەو کەسێکى پراگماتی، زیرەک، مامناوەندە، پەیوەندییەکانى لەگەڵ رێکخراوەکانی قاعیدە و داعش فەرامۆشکردووە.
خەڵکی سوریا ترسیان لەوە هەیە دەسەڵاتێکى هاوشێوەى تاڵیبانیان بۆ بێنێتە پێشەوە، دڵنیاشن لەوەى دژى ئێران و ئەجێنداکانیەتى لە سوریا.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، میدیا رۆژئاواییەکان گرنگی زۆر بە ئەحمەد شەرع دەدەن و لە رێگەى ئەو چاوپێکەوەتنانەى بۆی سازدەکەن دەیانەوێت رابوردووی لە بیرببرێتەوە و دەموچاوێکى ئەرێنى پیشان بدەن و خەڵک بیری بچێتەوە لە سوریا و عێراق چى کردووە، رۆژنامەکە ئاماژەوەى بەوە کردووە دەیلى تەلەگراف پیاهەڵدانى جۆلانى کردووە و نوسیویەتى، جیهادییەکى مامناوەندە، واشنتن پۆست نوسیویەتى، سەرۆکێکى پراگماتى و سەرنجڕاکێشە، سی ئێن ئێن دەڵێت، شۆڕشگێڕە، گۆڤاری رۆلینگ ستون لەبارەیەوە دەڵێت، جۆلانى وازی لە جیهادی نێودەوڵەتى هێناوە و دەیەوێت سوریا یەکبخاتەوە.
مەدا
دووسەد هەزار هاووڵاتی سوری بێسەروشوێنن
کاسرین بومبرجەر بەڕێوەبەرى لیژنەى نێودەوڵەتى بێسەروشوێنەکان رایگەیاند، لە ساڵی 2017ـەوە تا کاتى کەوتنى رژێمەکەى بەشار ئەسەد بۆیان دەرکەوتووە کە نزیکەى 200 هەزار کەس بێسەوشوێنن.
دەڵێت، لیژنەکەیان هاوکاریی حکومەتى راگوزەری سوریا دەکات بۆ دیاریکردنى چارەنوسیان و خستنەڕووى بەڵگەى تاوانى ئەو پرۆسەیە ، گوتوشیەتى، لیژنەکەیان بە خێرایی سەردانى سوریا دەکات و لەگەڵ لیژنەى تایبەتەکان بەدواداچوونەکانیان دەستپێدەکەن و تواناکانى رێکخراوەکەیان دەخەنە کار بۆ دۆزینەوەى شوێنیان، راشیگەیاندووە 18 هەزار خێزان بەدواى 30 هەزار بێسەروشوێنى خێزانەکانیاندا دەگەڕێن، جەختیشى کردەوە هیچ گومانێکى لەوە نییە کە ئەو ژمارەیە لە دواى نەمانى ئەسەدەوە زیاتر دەکات چونکە ژمارەیەکى زۆر هەبوون لە ترسی بارى ئاسایشى وڵاتەکە نەیانوێراوە سۆراخی کەسوکاریان بکەن.
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
ئێران دەیەوێت چوار سفر لە دراوی نیشتمانی بسڕێتەوە
حکومەتی ئێران پڕۆژە یاسایەکی ئاراستەی پەرلەمان کرد و تێیدا داوای لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتمانیی تمەن دەکات.
ئەم پڕۆژە یاسایە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو گرفتانەیە کە بەهۆی هەڵاوسانی درێژخایەنەوە دروست بووە، هەروەها لە پێناو ئاسانکاریی مامەڵەی رۆژانە و زیادکردنی کارایی دراوی نیشتمانییە.
ماوەی گواستنەوەی دوو ساڵە بۆ بەکارهێنانی هاوکاتی دراوی کۆن و نوێ دیاریکراوە و لەم ماوەیەدا بانکی ناوەندی پێویستە دراوی کۆن کۆبکاتەوە و بیگۆڕێت.
حکومەت پێی وایە ئەم چاکسازییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی بازاڕی دراوی ئێران و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەڵاوسان.
ئارمانی میللی
لە ئێران رێژەی ژەهراویبوون بەهۆی غازەوە 18% زیادی کردووە
رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، لە پاییزی ئەمساڵدا دوو هەزار و 610 کەس بەهۆی ژەهراویبوونی غاز تووشی رووداو بوون کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 18٪ زیادی کردووە. زۆرترین ژەهراویبوون له پارێزگاکانی ورمێ و تاران و خوراسان بووە.
راپرسیەکان دەریدەخەن کە 84٪ـی ژەهراویبوونەکان لە ماڵەکاندا روویانداوە.
42٪ـی ژەهراویبوونەکان پیاو بوون، 53٪ ژن و 5٪ـی منداڵی خوار تەمەنی ٥ ساڵ بوون.
مەردوم سالاری
لە فەرهەنگی ئێراندا گرنگی بە کاری ژنان نادرێت
لە ئێرانی ئەمڕۆدا پرسی ژنان لە حیجابەوە تا دامەزراندن و هەڵاواردنی رەگەزی زیاتر لە جاران کەوتۆتە بەرباس.
جیاکاری پیشەیی و جیاوازی لە مووچە و یارمەتییەکان و کەمبوونی هەلی کار ژنانی پاڵناوە بەرەو بازاڕی کاری نافەرمی.
هەروەها ژنانی کارکەر لە ژیانی خێزان و خانەنشینی و ئیمکاناتی ئاسوودەیی ژیانیدا مافی یەکسانیان نییە.
کەمپینێک بە زیاتر لە 5400 واژۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەم هەڵاواردنە دەستی پێکردووە.
لە ئێران رێژەی بەشداریی ئابوری ژنان لە 14٪ یە کە زۆر کەمترە لە تێکڕای جیهانی کە رێژەکەی 48٪ـە.
پێکهاتەی ئابووری و کولتووری بە جەختکردنەوە لەسەر پێگەی نەریتی ژنان، رێگری لە دامەزراندنی یەکسانیان دەکات و پێویستی بە چاکسازی بنەڕەتی هەیە.
ئەبرار
تەنیا 16%ـی خەڵکی ئێران بیر لە کۆچکردن ناکەنەوە
بەگوێرەی راپۆرتێک بەناوی،”کۆچی ئێرانی هۆکار و پاڵنەرەکان” دەریخستووە لە کۆی 12 هەزار پرسیارنامەی دابەشکراو، 19٪ بەشداربووان لە دەرەوەی وڵات بوون و 81٪ لە ئێران بوون.
لەو ژمارەیە 20٪ بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ ئێران، 16٪ـی خەڵک رایانگەیاندووە، کە بە هیچ شێوەیەک بیر لە کۆچکردن ناکەنەوە، 16٪ـی دیکەش بیریان لە کۆچکردن کردووەتەوە و هەوڵیان بۆ داوە.
زۆرینەی ئەوانەی توانیویانە کۆچ بکەن کەسانی شارەزا و خاوەنکار و لێهاتوو بوون و کۆچی ئەو کەسانە زیانی زۆری بە ئابووریی ئێران گەیاندووە.
هەرچەندە تەمەن و خوێندن و داهات کاریگەرییان لەسەر بڕیاری کۆچکردن هەیە، بەڵام ئەم کاریگەرییانە کەمن.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەستپێدەکاتەوە
بۆئەوەى گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەى دیمەشق و حەلەب بۆ دەرەوەی سوریا دەستپێبکاتەوە، تورکیا هاوکاری تەکنیکی فڕۆکەخانەکانی سوریا دەکات.
لە ئێستادا ستافێکی پسپۆڕ لە تورکیاوە سەردانی هەردوو فڕۆکەخانەکەیان لە سوریا کردووە. بەشێک لە ئامێرەکانی فڕۆکەخانەکانی سوریا پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و ئەپدەیت کردنەوە هەیە.
هاوکات وابڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان تورکیا و سوریا دەستپێبکاتەوە.
قەرار
ژنە رۆژنامەنووسێک لە ئەنقەرە دەستگیر کرا
ئۆزلەم گورسەس ژنە رۆژنامەنوسی تورک، لە ئەنقەرە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، رۆژى دواتر لە ئیستەنبوڵ دادگایی کرا. دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە بە تۆمەتی سوکایەتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورک بووە بەوەى گوتبووی، “وەک دەبینن لە سوریا پێکهاتەکانی داعش واتە هەریەک لە سوپای تورکیا و سوپای نیشتیمانی سوریا هەنگاو بە هەنگاو دەچنە ئەو شوێنانەى کوردی لێیە و کۆنتڕۆڵی دەکەن”.
بە گوێرەى زانیارییەکان، ئەو رۆژنامەنووسە بۆ ماوەى حەوت کاتژمێر گوتەى لێوەرگیراوە، لەئێستادا بە بڕیاری دادگا سزای زیندانی ماڵی بەسەردا سەپێنراوە.
ئۆزلەم گورسەس لە کەناڵی سۆزجو پێشکەشکارە و هاوکات لە چەناڵی یوتوب رۆژانە لەسەر رووداو و پێشهاتەکان پەخشی هەبووە.
ئایدنڵک
کۆنگرێسی ئەمریکا دەربارەی کۆبانی هۆشداری بە تورکیا داوە
داواکارییەکانی پەیەدە لە کۆنگرێسی ئەمریکا گفتوگۆی لەسەر کراوە. مەزڵوم عەبدی رایگەیاندووە، لە کۆبانێ بە چاودێری ئەمریکا دەتوانن چەک رادەست بکەن.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا هۆشداری بە تورکیا داوە ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کۆبانێ ئەنجامنەدات، رۆژنامەکە نوسیوێتی لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆندا لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر کۆبانێ، ئەوا ئەمریکا سزای ئابووری بەسەر تورکیا دەسەپێنێت.
میللییەت
جەهەپە داوای ئاشتی و دیموکراسی بۆ سوریا دەکات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاندووە، ئومێدەوارین لە سوریا ئاشتەوایی و دیموکراسی بەرقەرار بێت و دەستورێکى مەدەنی هەمواربکرێتەوە کە مافی تەواوی
هاوڵاتیانی سوری تیا پارێزراو بێت. راشیگەیاندووە وەک جەهەپە پشتیوانی لە حکومەتێکی دیموکراتی دەکەن
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینانشیەڵ تایمز
ترەمپ داوای یاسای 5%ـی بودجەی بەکاربردنی ناتۆ دەکات
ترەمپ داوا دەکات وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ بودجەی بەرگریی وڵاتەکانیان بەڕێژەی 5٪ بەرز بکەنەوە. دەشڵێت، ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ناردنی هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراین.
لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا، ترەمپ بەڵێنیدا هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراین ببڕێت و کیێڤ ناچار بکات دەست بە دانوستانی ئاشتی بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانان نیگەرانییان دەربڕیوە ناتوانن بەبێ واشنتن بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی ئۆکراین، ترەمپ بڕیارە دوای سوێندخواردنی وەک سەرۆک هاوکارییەکانی بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام بکات.
یو ئێس ئەی تودەی
تەمەنی ژیانی ئەمریکییەکان دووبارە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە
تێکڕای تەمەنی ژیانی هاوڵاتییانی ئەمریکی لە ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی گشتیی بۆ یەک ساڵ زیادی کردووە، بەشێوەیەک لە سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. بەگوێرەی راپۆرتێکی سەنتەری خۆپارێزیی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، ژیانی هاوڵاتییانی ئەمریکا بە تێکڕا 78.4ساڵ بووە و نزیکەی 11 مانگی زیاتر بووە لەو رێژەیەی لە ساڵی 2022 تۆمارکراوە. ئەمەش بەزۆریی پەیوەندیی بە کەمتر گیانلەدەستدانی خەڵکییەوە بووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
ئۆرشەلیم پۆست
نەتانیاهۆ: تاکۆتایی حەماس جەنگ بەردەوام دەبێت
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت سوورە لەسەر ئەوەی رازی نابێت لە غەزە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، پێش ئەوەی کۆتایی بە حەماس بهێنێت.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ناتانیاهۆ رایگەیاندووە، ئەوان هەرگیز حەماس لە دەسەڵاتدا لە غەزە جێناهێڵن. بەڵام کەسوکاری هاوڵاتییە بارمتەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە خۆپیشاندان و رۆژی شەممەش دووبارە رژانەوە سەر شەقامەکانی تەلئەبیب و داوای راگەیاندنی ئاگربەستیان دەکرد کە گرەتی ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماسی تێدا کرابێت.
عەرەب نیوز
سعودییە پێشتر لەبارەی هێرشبەرە توندڕەوەکەوە ئەڵـمانیای ئاگادارکردووەتەوە
بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێشتر بەرپرسانی سعودیە چەندین خاڵیان بۆ ئەڵمانیا لە ساڵی رابردوو و لەمساڵیشدا بۆ لایەنی پەیوەندیداریی ئەڵمانیا ناردووە لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسەی کە بە ئۆتۆمبێل هێرشی کردە سەر مارکێتێکی فرۆشتنی کەلوپەلی بۆنەکانی کریسمس و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 200 کەسیش برینداربوون.
سەرچاوەکە دەڵێت، ئەو کەسە چەندیدن جار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بیروڕای توندڕەویی بڵاوکردووەتەوە کە مەترسیی بوون بۆسەر ئاشتی و ئاسایش.