ئەیمەن حسێن سوپاسى پێشوازیە گەرمەکەى کوەیت دەکات و ئامانجى هەڵبژاردەکەشى لە یارییەکەى بەرامبەر یەمەن ئاشکراکرد.
ئەیمەن حسێنى کاپتنى هەڵبژاردەى عێراق لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر یەمەن لە جامى کەنداوى ٢٦ رایگەیاند، سەرەتا زۆر سوپاسى کوەیت دەکات بۆ باشى میوانداریکردن و پێشوازیکردنیان.
ئەیمەن دەڵێت “ئێمە بەشدارى لە جامەکە دەکەین وەک پاڵەوان و هەڵگرى نازناوەکە، ئامانجمان پارێزگاریکردنە لە نازناوەکە و دڵخۆشکردنى هاندەرەکانمان”.
ئەیمەن باس لەوەشدەکات، ئەوان وەک تیپێک بە گیانى یەک کۆمەڵەوە یارى دەکەن و پابەندى رێنماییەکانى ستافى راهێنەران دەبن، لەگەڵ یاریزانەکانى هاوتیمى هەوڵ دەدەن ئەوەى داواکراوە لێیان جێبەجێى بکەن بۆ گەیشتن بە دوایین قۆناغەکەکانى پاڵەوانێتییەکە.
لە بارەى رووبەڕووبوونەوەى هێڵى بەرگرى یەمەن و رکابەرەکانى دیکەى کۆمەڵەکەیان، ئەیمەن گوتى “هەموو هێرشبەرێک خواستى گۆڵکردن و بردنەوەى سێ خاڵى یاریى هەیە، نەک هەر من بەتەنیا، بەڵکو هەموو یاریزانەکان بە هەمان خواستنەوە یارى دەکەن لە پێناوى سێ خاڵى یارییەکە”.