راهێنەرى عێراق ئامادەیى هەڵبژاردەکەى بۆ جامى کەنداو راگەیاند و ئامانجى یەکەمى هەڵبژاردەکەشى ئاشکراکرد.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر یەمەن لە جامى کەنداو خیسۆس کاساسى ئیسپانى راهێنەرى هەڵبژاردەى عێراق رایگەیاند، ئامادەکاریەکانیان زۆر باش بووە، هەرچەندە چەند کێشەیەک و پێکانى یاریزانانیان هەبووە و هەندێکیشیان نەیانتوانیوە بەشدارى بکەن، بەڵام بۆ پاڵەوانێتییەکە ئامادەن.
کاساس ئاماژى بەوەکرد، هەموو راهێنەرەکان ئارەزووى بردنەوەى نازناوى جامى کەنداو دەکەن، بەڵام بەلاى ئەوەوە گرنگترین شت ئامادەکارییە بۆ پاڵاوتنى مۆندیال و جامى کەنداویش هەلێکە بۆ پلانى یاریکرد و تاقیکردنەوەى یاریزانەکان، کە دەتوانن لە پاڵاوتنى مۆندیالدا بەکاریبهێنن.
کاساس دەڵێت “بەتەواوى درک دەکەین بە گرنگى دڵخۆشکردنى گەلى عێراق، کە لەسەرەتاوە پاڵپشتمان بوون، ئارەزووى ئەوەمان هەیە شانازى بە هەڵبژاردەکەیانەوە بکەن، دەزانم هەستى هاندەران چۆن بوو، کە جامى کەنداوى ٢٥مان بەدەستهێنا، خەونێکى گەورە دەبێت ئەگەر بە نازناوەکە بگەڕێینەوە بۆ عێراق، بردنەوە و دۆڕاندن گرنگترین شت نیە، بەڵکو ئەوەى گرنگە گەلى عێراق شانازى بە هەڵبژاردەکەیانەوە بکەن”.
خیسۆس دووپاتیدەکاتەوە، سەرکەوتن بۆ جامى جیهانى ٢٠٢٦ بەهێزترین کارى لەپێشینەیانە، هاوکات بەردەوامبوونى خولیش گرنگە، چونکە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ تاقیکردنەوەی هەندێک یاریزانان لەم پاڵەوانێتییەدا، ئەویش پشتگیری لە بڕیارەکەی یەکێتى تۆپى پێ دەکات لەم ڕووەوە.
لە بارەى یارییەکەى سبەینێ خیسۆس دەڵێت “دوایین دوو یارى یەمەنمان بینیوە و هەڵبژاردەیەکى باشە، بەتایبەت لە هێڵى ناوەڕاستدا، تواناى کێبڕکێى بۆ بردنەوەى نازناوى پاڵەوانێتییەکە هەیە، هەر بۆیە پێویستە بە باشترین ئاستمانەوە دەربکەوین بۆ بردنەوەى یارییەکە”.