زووم..
رۆژى هەینی دوو سیناتۆری ئەمریکی ناوەڕۆکى رەشنووسی یاسای سەپاندنی سزاکانیان بەسەر تورکیادا خستەڕوو، دوای پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوەکان لە باکووری سوریا و رۆژاڤاى کوردستان، بەتایبەتى هەڕەشە و جموجوڵەکانى تورکیا بۆ هێرش بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات.
کریس ڤان هۆلن، سیناتۆری دیموکراتەکان و لیندسی گراهام، کۆماریخواز، پڕۆژە یاسایەکی دوولایەنەیان پێشکەش کرد بە ناوی “یاسای رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠٢٤”، بەو هیوایەی هەڕەشەی سزاکان ببێتە فشار بۆ سەر تورکیا.
ئەو دوو سیناتۆرە جەختیانکردووەتەوە، کە پێویستە واشنتۆن بە شێوەیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیا کار بکات بۆ ئاسانکاری بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام و (دروستکردنی) ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە نێوان تورکیا و سوریا.
ئەوان دەڵێن: ئەو پرۆژە یاسایە و پێشنیازى سزدان بەمەبەستی رێگریکردنە لە هێرشی زیاتری تورکیا، یان گروپە چەکدارییەکانى سەر بە تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە لاوازبوونیان دەبێتە هۆى سەرهەڵدانەوەی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی) لە ناوچەکە، ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و باقی جیهان دەکات، کە ئەو دوو سیناتۆرە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان پێکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژى هەینى باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ،سەردانى سوریاى کرد و دوای سەردانەکەی بۆ سوریا، رایگەیاند، واشنتۆن هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە شاری کۆبانێ چڕدەکاتەوە.