رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کەناڵ 12 ـى ئیسرائیل نەتانیاهۆ و بنەماڵەکەى بە مافیا ناودەهێنێت
تەلەفزیۆنى “کەناڵ 12” ـى ئیسرائیل لە بەدواداچونێکى بەرنامەى “عوفدا” کە دکتۆر ئیلانا دیان پێشکەشى دەکات، بەرنامەى شەوى پێنج شەممە لەسەر هەینی تایبەتکردبوو بە هەڵسوکەوتى خودی بنیامین ناتانیاهۆ و بنەماڵەکەى و تیمى یاریدەدەریی سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، پێشکەشکارەکە هەمووانى بە بەڵتەجی و شەقوەشێن و گێرەشێوێن و کایە تیکدەر ناوهێنا، هێزەکانیشى بە میلیشیا چواند، ئەو لە بەرنامەکەدا باسی لە سارەى هاوسەرى نەتانیاهۆکرد و گوتى، دەست لە گەورەو بچووکى ئەم وڵاتە وەردەدات، دەم لەکاروبارى دەوڵەت و دانان و لادانى بەرپرسان دەکوتێت، تەنانەت دستێوەردان لە کاروباری جەنراڵەکانیش دا دەکات، لە هەمان کاتدا بەرپرسانیش وەک سەرۆک مامەڵەى لەگەڵ دەکەن و ژمارەیەکى زۆریان لە شەو و رۆژ لەبەردەرگاکەیدا وەستاون، کەسێک نەزانێت وادەزانێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەنوێنن.
قودسى عەرەبی
بەشار ئەسەد 12 بۆ 16 ملیار دۆلاری بردووەتە روسیا
پێگەى “زی بایبەر”ـى بەریتانی بڵاویکردەوە، کە ئەسەد و بنەماڵەکەى 66 ملیۆن یۆرۆیان لە هەژمارێکى بانکی – ئیتش ئێس بی سی- بەریتانیدا هەیە لە لەندەن.
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا داوای کردووە لە سیاسەتمەدارانى وڵاتەکەیان و لە نێویاندا لاین دونکان کە دەستبەکاربن و ئەو پارەیەى کە بەشێوەیەکی نایاسایی و ناشەرعی کۆکراوەتەوە لە ئاوەدانکردنەوەى سوریادا بەکاربهێنن، رۆژنامەى فاینانشێڵ تایمزى بەریتانیش رایگەیاندووە، بەشار ئەسەد توانى دوور لەچاوی سزاى نێودەوڵەتى 250 ملیۆن دۆلار بباتە بانکەکانی روسیا لە نێوان 2018 و 2019 دا، ئەوە جگە لە گواستنەوەى نزیکەى دوو تەن لە 100 دۆلاری و چەکی جۆری 500 دۆلاری، بەگوێرەى بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکان سامانى ئەسەد و بنەماڵەکەى لەنێوان 12 بۆ 16 ملیار دۆلاردا مەزەندە دەکرێت ئەوە جگە لەو قاڵبە زێڕانەى کە پێش لە راکردنى رەوانەى روسیاى کردوون، وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن چەندین تەن زێڕ دەبن.
زەمان
بە تەواوبوونى بەنداوى عەقەبە 70%ـى بەرهەمی غازی عێراق زیاد دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئوردن لەسەر دەستپێکردنى پرۆژەى بۆری نەوتى نێوان هەردوو وڵات رێککەوتن، باسیان لەوەشکرد لیژنە هاوبەشەکان سەردانى هەردوو وڵات بکەن و دەروازەى هاتووچۆش لە نێوان هەردوو وڵات زیاد بکەن بەمەبەستى پەرەپێدانی بازرگانى نێوانیان.
لە کۆنفراسێکى رۆژنامەنووسى هاوبەشدا رایانگەیاند، پرۆژەى بۆری نەتوتى بەسرە تا عەقەبە شا دەماری ئابووری عێراق دەبوژێنێتەوە و دەبێتە پرۆژەیەکى هاوبەشى هەردوو وڵات و لە داهاتووشدا سودى زۆری بۆ وڵاتى میسریش دەبێت، وەزارەتى نەوتى عێراقیش رایگەیاندووە بە تەواوبوونى ئەو پرۆژەیە وەبەرهێنانى غازی عێراق 70% زیاد دەکات.
عەرەب
یەکەم ژن لە حکومەتە راگوزەرەکەى سوریادا بەرپرسیارێتى باڵای وەرگرت
دەسەڵاتى نوێی سوریا رایگەیاند، بەمەبەستى جێبەجێکردنى حکومەتێکى سەردەمییانە “عائیشە دبس” وەک سەرۆکی نوسینگەى کاروبارى ئافرەتان دادەنێن و ئەوەش یەکەم هەنگاوى حکومەتە نوێیەکەیە بەرەو شارستانیەت و کاڵکردنەوەى ئەو بۆچوونانەى لەسەر حکومەتى راگوزەری سوریا هەیە و کە نیشاندەرەى مەترسین لە سەر داهاتووى ژنان لەو وڵاتەدا.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە پێگەى عائیشە دبس پێگەیەکى بەهێز دەبێت لە وڵاتەکەدا و گرنگی دەدات بە هەموو بوارە جیاوازەکانى ژنان لە بارەى یاسایی و کۆمەڵایەتی، رۆشنبیریی و سیاسی، رۆژنامەکە نوسیویەتى رۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردنى پۆستەکانى سوریادا شتێکى نوێ نییە و بەردەوام لە نێوان 20% بۆ 30% ـى هەموو پۆستەکانى ئەو وڵاتەدا بووە، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەوەیە شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە کە رۆڵی ژنان لەو وڵاتەدا سنوردار دەکرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
رۆژانە 20 ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە ئێران ون دەبێت
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، کە رۆژانە 20 ملیۆن لیتر سووتەمەنی ون دەبێت و ئەمەش بووەتە پرسێکی جددی ئابووری و میدیایی.
بارەگای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراو، وەک دەسەڵاتی سەرەکی لەم بوارەدا، تا ئێستا لەسەر لەم بابەتە بێدەنگ بووە.
ئەم بابەتە پرسیار لەبارەی چاودێریکردنی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و هەناردەی سووتەمەنی وروژاندووە، کێشەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا وایکردووە باسەکە گەرمتر ببێت.
پەرلەمان لێکۆڵینەوەی لە وەزارەتی نەوت دەستپێکردووە، لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکرێت کە بەرپرسیارن لە دابینکردنی سووتەمەنی و رێگری لە قاچاخ.
ئارمانی میللی
زیاتر لە 95%ـی لەباربردنی منداڵ لە ئێران بە نایاسایی دەکرێت
سابیر جەباری، سەرۆکی ناوەندی دانیشتووان و تەندروستی ئێران رایگەیاند، لەباربردنی منداڵ لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زیاتر لە 95٪ـی لەبارچوونی منداڵان بە ئەنقەست و نایاسایی دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی رێوشوێنی بەرفراوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشگرتن لە منداڵبوون و لەباربردن گرتووەتەبەر.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکان، دەرمانی پەیوەندیدار به لەباربردن و پێشگرتن لە منداڵ تەنها له رێگەی سیستمی وەزارەتی تەندروستی و بە شێوەی سنووردار رێگه پێدراوه.
لە زۆر حاڵەتدا لەباربردنی منداڵ بەهۆی کێشەی ئابووری و نەویستنی منداڵ ئەنجام دەدرێت.
ئاسیا
هەوای تاران هەناسەی لە دانیشتووانی بڕیوە
تاران ماوەیەکی زۆرە قەیرانی پیسبوونی هەوای هەیە، هەموو ساڵێک لە رۆژە ساردەکاندا بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی پیسبوونی هەوا دەبێتە هۆی داخستنی قوتابخانەکان و چالاکییە وەرزشییەکان و شارەکە گیرۆدەی دووکەڵ دەبێت.
ئەم قەیرانە هۆکاری جۆراوجۆری وەک بەکارهێنانی سووتەمەنی پیس، زیادبوونی ئۆتۆمبێل، چالاکیی پیشەسازی، بیناسازی بێ سەروبەر سەریهەڵداوە.
بەڵام بۆچی ئەم کێشەیە بەردەوامە؟ جێبەجێ نەکردنی یاساکانی ژینگە، نەبوونی پلانی هەمەلایەنە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون و گرنگیدان بە گەشەپێدانی ئابووری لەبری ژینگە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیایەکی سویسری، تاران لە نێوان شارەکانی سەرانسەری جیهاندا پلەی یەکەمی پیسبوونی هەوای گرتووە.
کار و کارگەر
وەزارەتی تەندروستی: بەکارهێنانی شیرەمەنی لای ئێرانییەکان کەمە
بەڕێوەبەری باشترکردنی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، کە بەکارهێنانی شیرەمەنی لە ئێران کەمترە لە نیوەی رێژەی جیهانی و ئەمەش لە داهاتوودا دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستیی جددی.
هەروەها رێنمایی بۆ دابینکردنی خۆراکی تەندروست بۆ ماڵان لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە داڕێژراوە و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی خۆراکی تەندروست و دەستڕاگەیشتنی باشتری خەڵک بە بەرهەمە شیرەمەنیەکان.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
هەفتەى داهاتوو شاندی ئیمرالی سەردانی ئۆجالان دەکەن
لەسەر بانگەوازەکەى دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە کە داوایکردبوو شاندی دەم پارتی سەردانی دورگەى ئیمراڵی بکەن و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت، لە دانیشتنى دوێنێ شەوی پەڕلەمانی تورکیا، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هەفتەى داهاتوو رێگە دەدرێت شاندی دەم پارتی سەردانی ئۆجالان بکەن و دیداری لەگەڵدا ساز بکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکان، هەریەک لە سرری سورەیا ئۆندار و پەروین بوڵدان وەک پەڕلەمانتارانی دەم پارتی سەردانی ئۆجالان دەکەن و لەسەر دوا پێشهاتەکانی تورکیا و ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن.
چاوەڕێ دەکرێت لەپاش روخانی رژێمی ئەسەد و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێک بۆ رایگشتی بڵاوبکاتەوە.
لەساڵی 2013 هەریەک لە پەروین بوڵدان و سرری سورەیا ئۆندار لە شاندی ئیمراڵیدا بوون بۆ دیدارەکانی پڕۆسەی ئاشتی.
قەرار
داودئۆغڵو: لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوومەتەوە
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی ئێستای پارتی ئایندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبومەتەوە، چاوپێکەوتنەکەم وەک سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا نەبووە بەڵکو وەک هاوڵاتییەک چاوم بە سەرۆککۆمار کەوتووە.
داودئۆغڵو راشیگەیاند، هەر کات سەرۆککۆمار داوام لێبکات ئامادەم هەموو پشتیوانییەکی بکەم بەڵام ئەو کارەم ئارەزوومەندایە و لە چوارچێوەى پۆست وەرگرتن نابێت.
هەفتەى رابردوو داودئۆغڵو لە کۆبونەوەى پارتەکەیدا رایگەیاندبوو، من یەکێکم لە خوشک و براکانم لە ئاک پارتی، گوتیشی من لە پارتەکە هاتومەتە دەرەوە بەڵام لە ئێوە دانەبڕاوم و ئەوە مانای ئەوە نییە نیگەران بم لە ئێوە.
یەنیچاخ
نەتەوەیەکگرتووەکان: رۆڵی تورکیا لە سوریا گرنگە
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێویستە بە زووترین کات هەلومەرجی ئاگربەست لە سوریا دەستەبەربکرێت.
تورکیا دەتوانێت رۆڵی گرنگ لە گفتوگۆکان بۆ ئاگربەست بگێڕێت و قەناعەت بە لایەنەکان بکات.
دەبێت رێگریی بکرێت لە تەشەنەسەندنی چالاکییەکیەکانی داعش لەو وڵاتە.
تورکگون
لە مانگێکدا زیاتر لە 2500 کۆمپانیا داخراون
قەیرانی ئابووری لە تورکیا تادێت بەرەو هەڵکشانە، تەنها هاوڵاتیان زەرەرمەند نەبوون، کۆمپانیاکانیش زیانیان بەرکەوتووە.
بەگوێرەى ئامارەکانی یەکێتی بازرگانی و بازاڕگەری تورکیا ژمارەى ئەو کۆمپانیایانەی لە مانگی رابردوودا مایەپوچ بون و داخراون زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر.
لە مانگی تشرینی دووەمدا ژمارەى کۆمپانیاکان 6.6٪ کەمیکردووە، 2631 کۆمپانیا مایەپوچ بوون.
هەر بە گوێرەى ئامارەکە لە مانگی تشرینی دووەمدا ژمارەى ئەو کۆمپانیا نوێیانەى دامەزراون بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار بە رێژەى 11.4٪ کەمیکردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ هەڕەشە لە یەکێتی ئەوروپا دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی ئابووری وڵاتەکەی فشار لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات کە نەوتی وڵاتەکەی زیاتر بکڕن یان باجی سەر کەلوپەلی هاوردەی ئەو وڵاتانە بۆ ئەمریکا زیاتر دەکات.
بەشێکی دیکە لە فشارەکانی ترەمپ ناچارکردنی وڵاتانی ئەوروپایە بە کڕینی کەلوپەلی زیاتری درووستکراوی وڵاتەکەی. وەک خۆی دەڵێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەو کورتهێنانە زەبەلاحەیە کە لە بودجەی وڵاتەکەیدا هەیە، ئەگەرنا ناچار دەبێت لەڕێگەی باج و گومرگی سەر کاڵاکانیانەوە کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە.
نیویۆرک تایمز
سورێژە هەڕەشە لە منداڵانی کۆنگۆ دەکات
بەهۆی بڵاوبووەنەوەی بەرچاوی نەخۆشی سورێژە لەنێو منداڵانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و نەمانی ڤاکسینی ئەو نەخۆشییە رۆژانە دایک و باوکان شایەتی مەرگی منداڵانیان دەبن. ساڵی رابردوو زیاتر لە 311 هەزار حاڵەتی سورێژە لە کۆنگۆ تۆمارکرابوو. هەرچەندە ئەمساڵ رێژەکە زۆر کەمترە و تەنها 97 هەزار تۆمارکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڤاکسینەوە نەخۆشییەکە کوشندەتر بووە و زیاتر لە دوو هەزار و 100 منداڵی کوشتووە.
عەرەب نیوز
ئەحمەد شەرع سەرسامە بە سعودییە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، بەرەوپێشچوونی ئەمدواییەی سعودیە و وڵاتانی دراوسێی کەنداوی بەرزنرخاند و هیوای خواست وڵاتەکەی بەهەمان شێوەی وڵاتانی کەنداو بەرەوپێش ببات، بەتایبەت هاوشێوەی وڵاتی سعودیە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، شەرع رایگەیاند، خاکی سوریا چیدیکە نابێت بە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و کەنداو.
گوتیشی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پرۆژەی ئێرانی لە ناوچەکە بۆ 40 ساڵ گەڕاندەوە دواوە.
تایمز
بەکارهێنانی دەرزیی کێش دابەزاندن لە بەریتانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە
لە ئێستادا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە بەریتانیا دەرزیی دابەزاندنی کێش بەکاردەهێنن کە بەشێوەی ئۆنلاین دەیکڕن. کۆمپانیا تایبەتییەکانی دەرمانیش سوود لەو بۆشاییە وەردەگرن کە وەزارەتی تەندرووستی وڵاتەکە هەیەتی لە پێدانی دەرمان بە نەخۆشانی وڵاتەکە. نزیکەی 95٪ـی ئەوکەسانەی ئەو دەرمانە بەکاردەهێنن، بەشێوەی ئۆنلاین دەیکڕن چونکە ریکلامەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ ئەو دەرمانانە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەریان درووستکردووە، نرخی ئەو دەرمانەش لەنێوان 150 بۆ 200 پاوەندایە بۆ مانگێک.