زووم..
لەدوای بینینی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا و دەستەی تەحریری شام، ئەمریکا پەشیمان بوویەوە و چیتر بۆ دەستگیرکردنی ئەو فەرماندەیە هیچ کەس خەڵات ناکات.
باربرا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەدوای کۆبووەونەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە سوریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پرسی خەڵاتە دە ملیۆنییەکەیان داخستووە، کە بڕیار بوو بدرێت بە هەر کەسێک زانیاری لەسەر شوێنی ئەحمەد شەرع بدات.
باربرا لیف گوتی، “ئەحمەد شەڕع بەڵێنی پێداین رێکخراوە تیرۆرستییەکان لە سوریا کاروچالاکییان نەبێت، بۆیە لەبەر ئەم هۆکارە ئەو خەڵاتە لادەبەین کە بۆ دەستگیرکردنی دیاریمانکردبوو.”
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کۆبوونەوەی شاندە ئەمریکییەکە و ئەحمەد شەرع ئەرێنی بووە و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی ئەرێنیشی هەبێت.
دەستەی تەحریری شام لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە و لەساڵی 2018ەوە واشنتن 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ هەر کەسێک دیاریکرد کە زانیارییان لەبارەی ئەحمەد شەرعەوە پێبدات.