زووم..
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ راگرتنی شەڕ و گرژییەکانی نێوان تورکیا و هەسەدە چڕکردووەتەوە، لەگەڵ هەردوولایان لە گفتوگۆدان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.
باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوتووە، هەوڵەکانیان بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی بۆسەر کۆبانێ چڕکردووەتەوە و باشترین چارەسەر بۆ هێورکردنەوە دۆخەکە راگرتنی شەڕە لە کۆبانێ.
ئەم قسانەی لیف دوای کۆبوونەوەی شاندەکەیان هات لەگەڵ ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا و دەستەی تەحریر شام.
لە باسی کۆبوونەوەی لەگەڵ شەرع و دەستەی تەحریر شام، لیف دەڵێت، بە ئەحمەد شەرعیان گوتووە، پرسی خەڵاتە دە ملیۆنییەکەیان داخستووە، کە بڕیار بوو بدرێت بە هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەحمەد شەرعی ئێستا و ئەبو محەمەد جۆلانی سەردەمی تەحریر شام بدات بە ئەمریکا.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کۆبوونەوەی شاندە ئەمریکییەکە و ئەحمەد شەرع ئەرێنی بووە و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی ئەرێنیشی هەبێت.