زووم..
نیوەڕۆى ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو جار بۆردومانی گوندی کافیایان لە باشوری چیای گارا لە ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک کرد.
کامەران عوسمان، بەرپرسى بەشى مرۆیى رێکخراوى سى پى تى ئەمریکىبە زوومى گوت، کاتژمێر نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو جار بە سەختی بۆردوومانی گوندی “گوندی کافیا” یان لە باشوری چیای گارا لە ناحیەی دینارتە، لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک کرد.
کامەران عوسمان دەشڵێت، دەنگی بۆردوومانەکان بەشێوەیەک بەهێزبوون کە هاووڵاتییانی شیلادزێ و دێرەلووکیش گوێیان لە دەنگی بۆردوومانەکان بووە.
باسى لەوەشکردوە، لە 20ـی شوباتى ئەمساڵدا، لە کاتی چنینەوەى ترشدا، دوو گوندنشینی کافیا بوونە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و گیانیان لەدەستدا.
هەروەها دەشڵێت، کاتژمێر 8:35 خولەکی دوێنێ ئێوارە، سوپای تورکیا، بە هەلیکۆپتەر هێرشی بۆسەر گرێ بەهار و چیای مەتینا لە سنوری گوندەکانی (گوهەرزێ، بەلاڤا و بەرچێ) لە ناحیەی دێرەلووک، لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک ئەنجامدا.
دەشڵێت، بەهۆى بۆردومانەکانەوە ترس و دڵەڕاوکێ لاى هاووڵاتیانى ناوچەکە دروستبووە.