زووم..
ئەو پلانەی، کە دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی دەکات بۆ دابینکردنی بودجەی سێ مانگی داهاتووی حکومەتی فیدراڵ، نەیتوانی دەنگی پێویستی کۆنگرێس بەدەستبهێنێت و ئەمەش ئەگەری داخستنی حکومەتی ئەمریکای زیاتر کرد.
پڕۆژە پێشنیازکراوەکە پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی نوێنەران هەبوو بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس دژی دەرکەوتن و دانیشتنەکەی کۆنگرێس مشتومڕ و ململانێی توندی بەخۆیەوە بینی.
هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و ئەگەر ئەمڕۆ رێککەوتن لەسەر خەرجییە کورتخایەنەکانی ئەمریکا نەکرێت، ئەوا حکومەت دادەخرێت و مووچەی نزیکەی دوو ملیۆن فەرمانبەری ئەمریکی لە پێش جەژنی کریسمسدا دوادەکەوێت.
داخستنی حکومەتی فیدراڵی لە سەری ساڵدا پێشتریش روویداوە و ساڵی ٢٠١٨ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا درێژترین داخستنی حکومەتی فیدراڵی لە مێژووی ئەمریکا روویدا، کە ٣٥ رۆژی خایاند.