زووم..
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، قبوڵکراو نییە تورکیا لە خاکی سوریا بێت و دەستێوەردانی تێدا بکات، جەختیشیکردووە، نایانەوێت هیچ لایەنێک دەستێوەردان لە سوریا بکات و دەبێت رێز لە یەکپارچەیی و ویستی گەلی سوریا بگیرێت.
محەمەد شیاع سودانی، لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە گوتیشی، نایانەوێت هیچ لایەنێک دەستتێوەردان لە خاکی سوریادا بکات.
دەشڵێت، پاڵپشتی لە پڕۆسەیەکی سیاسی گشتگیری بێدەستێوەردان دەکەن لە خاکی سوریا، جێگای قبووڵ نییە ئەنقەڕە لە خاکی سوریا بوونی هەبێت و دەستێوەردان لەو وڵاتە بکەن.
باسی لەوەشکردووە، نێردە دیبلۆماسییەکانی عێراق کارەکانیان لە سوریا دەستپێکردووەتەوە، بەغداد سوورە لەسەر ئەوەی یەکپارچەیی و ئاسایشی خاکی سوریا بپارێزرێت و رێز لە ئیرادەی گەلەکەی بگیرێت.