زووم..
تورکیا سوپاکەی لە نزیک سنووری کۆبانێ کردووەتەوە و وەزیری دەرەوەی تورکیاش دەڵێت؛ ئەگەر یەپەگە چەکەکانیان رادەستی حکومەتی نوێی سوریا نەکەن ئەوا ئەوا ئۆپراسیۆن بۆ سەر کۆبانێ ئەنجام دەدەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی یەنی بیرلیک وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، لە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر یەپەگە لە رۆژاڤای کوردستان بەردەوام دەبێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، یەپەگە بەشێکە لە پەکەکە و لەنێو خاکی سوریا خۆی باڵادەست کردووە، گوتیشی: تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر یەپەگە لە خاکی سوریا بەردەوام دەبێت.
هەروەها راشیگەیاندووە، لە دیمەشق حکومەتێکی نوێ پێکهاتووە ئەگەر پرسی تیرۆر لە رێگەی ئەوانەوە چارەسەر نەکرێت ئەوا بەم نزیکانە تورکیا ئۆپراسیۆن بۆ سەر کۆبانی ئەنجامدەدات.
پێشتر تورکیا بانگەوازی کردبوو یەپەگە و تەواوی هێزە چەکدارەکانی سوریا چەکەکانیان رادەستی حکومەتی نوێی سوریا بکەن.
چەند رۆژێکە سوپای تورکیا هێز و تانکێکی زۆریان لە نزیک کۆبانێ لە رۆژاڤای کوردستان جێگیرکردووە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە نوێترین لێدوانیدا دان بەبوونی شەڕڤانی بیانی لە ریزەکانی هەسەدەدا دەنێت و رایدەگەیەنێـت ئەگەر لەگەڵ تورکیا لەسەر ئاگربەستێک رێکبکەون، ئەوا هەموو ئەو شەڕڤانانەی خەڵکی دەرەوەی سوریان، وڵاتەکە جێدەهێڵن.
ئەوەشی رەتکردووەتەوە چەک رادەستی ئیدارەی نوێی سوریا بکەن.
هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر رۆژاڤای کوردستان رۆژەڤی پرسی کورد و دەستپێکردنەوەی دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالانی هێناوەتە بەرباس، لایەنی کوردیش هەڕەشەکانی ئەنقەرە بۆ سەر یەپەگە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتەوایی لەگەڵ کورد لە تورکیا دەبینێت.
پەڕلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، پارتەکەیان چاوەڕیی مۆڵەتی حکومەتن تاکو شاندی خۆیان بنێرنە ئیمراڵی.
سەزایی تەمەللی پەڕلەمانتاری دەم پارتی لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئەو داواکارییەین کە پێشکەشی حکومەتمان کردووە، تاکوو شاندی پارتەکەمان سەردانی ئیمڕاڵی بکەن.
سەزایی گوتیشی: هەڵوێست و سیاسەتەکانی تورکیا لەسەر سوریا خزمەت بە ئاشتەوایی ناکات و ئەمەش دیدارەکانی ئیمڕاڵی دواخستووە.
لە ئەگەری هێرشکردنە سەر کۆبانی لەلایەن سوپای تورکیاوە، ئومێدی ئاشتەوایی لە باکووری کوردستان لەباردەچێت و رەنگە دیدارەکانی ئۆجالانیش نەیەتەئاراوە.