زووم..
کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمنیی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی نوێ دژی حوسییەکانی یەمەن ئامادەدەکات.
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنیدا هێرشی زیاتر بکەنە سەر حوسییەکان و جەختی لەوەش کردەوە، ئەم هێرشانە وەڵامدانەوەن بۆ ئەو هێرشە یەک لەدوای یەکانەی حوسییەکان کردوویانەتە سەر ئامانجە مەدەنییەکانی ئیسرائیل.
ناتانیاهو گوتیشى، حوسییەکان تەنها هێرش ناکەنەسەر وڵاتەکەی ئەو، بەڵکو هەموو جیهان دەکەنە ئامانج و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر کەشتی و رێگا بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ئیسرائیل لەبری هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی حوسییەکان دەجوڵێتەوە.
دوێنێ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی یەمەنی بۆردومانکرد و ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەی کردە ئامانج بەو هۆیەوە نۆ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.