زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت: لەگەڵ گەڕانەوەى سورییەکان کرێ خانوو لە تورکیا دابەزی
لە پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد پەنابەرە سورییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان پەیتا پەیتا دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەو هۆیەشەوە کرێ خانوو لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لە شارۆچکەى رێیهانڵی سەر بە پارێزگای هەتای تورکیا، کە سنووری بە سوریاوە هەیە بەهۆی گەڕانەوەى سورییەکان کرێ خانوو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بە گوێرەى رۆژنامەکە، پێشتر کرێ خانوو لەو شارۆچکەیە 15 بۆ 20 هەزار لیرە بوو، کە دەکاتە نزیکەى 560 دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش بۆ کرێ خانوو لە شارۆچکەیەک بە کرێیەکی گران دادەنرێت.
هەر بە گوێرەى رۆژنامەکە، لەئێستادا بەهۆی گەڕانەوەى سورییەکان لەو شارۆچکەیە زۆرێک لە خانووە کرێکان چۆڵن و کرێکەشیان بۆ 10 هەزار لیرە دابەیوە.
هاوکات ئەو خانووانەى پێشتر بە دوو ملیۆن لیرە فرۆشراون ئێستا بووەتە یەک پۆینت پێنج ملیۆن لیرە.
یەنی ئاکیت: تورکیا %65ـی بازاڕی فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی کۆنتڕۆڵ کردووە
بەهۆی وەبەرهێنانی پیشەسازی بەرگریی، تادێت لە تورکیا پیشەسازیی بەرگریی پێشدەکەوێت.
لەو بارەوە سەلجوک بایرەکتار سەرۆکی دامەزراوەى بایرەکتار رایگەیاندووە، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆتایی 2024، وڵاتەکەمان لە دروستکردنی فڕۆکەى بێفڕۆکەواندا لەسەر ئاستی جیهان هەنگاوی باشی ناوە و لەئێستادا لە تەواوى وڵاتان سەدا 65ـى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان دروستکراوی تورکیایە.
یەنچاخ: تورکیا هێزەکانى بە قووڵایی 50 کیلۆمەتر لە سوریا جێگیر دەکات
پڕۆفیسۆر پۆیراز گورسۆن لە زانکۆی ئۆکان بە رۆژنامەکەى رایگەیاندووە، تورکیا پێداگرە لەوەی رووبەڕووی یەپەگە ببێتەوە لەنێو خاکی سوریا و بۆ ئەو مەبەستەش بەدوور نییە لەم نزیکانەدا تورکیا ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە سوریا ئەنجامبدات.
ئەو ئەکادیمییە راشیگەیاندووە، تورکیا دەیەوێت بە قووڵایی 50 کیلۆمەتر سنووری سوریا ببەزێنێت و تا ناوچەیەکی ئەمنیی بۆ خۆی دروست بکات.
یەنی بیرلیک لە زارى هاکان فیدانەوە: تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر یەپەگە بەردەوام دەبێت
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا رایگەیاند: یەپەگە بەشێکە لە پەکەکە و لەنێو خاکی سوریا خۆی باڵادەست کردووە. گوتیشی: تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر یەپەگە لە خاکی سوریا بەردەوام دەبێت.
فیدان راشیگەیاندووە، لە دیمەشق حکومەتێکی نوێ پێکهاتووە ئەگەر پرسی تیرۆر لە رێگەی ئەوانەوە چارەسەر نەکرێت ئەوا بەم نزیکانە تورکیا ئۆپراسیۆن بۆ سەر کۆبانی ئەنجامدەدات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
عەرەبی جەدید: تورکیا و هەسەدە هەڕەشە لە یەکتری دەکەن
سوپا و بەرپرسانی باڵای تورکیا لەگەڵ هێزەکانى سوریای دیموکرات، هەڕەشە لە یەکتری دەکەن.
تورکیا ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ لە باکووری سوریا ئەنجامدەدات و هەسەدەش داوا لە هاوڵاتیانى ئەو شارە دەکات، چەکهەڵگرن و ئامادەى بەرگریی بن.
دوای گۆڕانکارییەکانى سوریا و کەوتنى ئەسەد، تورکیا ئۆپراسیۆنەکانى لە باکووری سوریا چڕ کردووەتەوە و بە پاساوی بوونى پەکەکە، کە لە لیستى تیرۆری ئەنقەرەدایە، چەند رۆژێکە هێرش و بۆردومانی ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە ئەنجامدەدات.
شەرقلئەوسەت لە زارى ئەحمەد شەرعەوە: سوریا نابێتە مەترسیی و دڵەڕاوکێی هیچ وڵاتێکی عەرەبی
سەرۆکى گشتى ئیدارەى سوریا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرقلئەوسەت، دەڵێت، شۆڕش بە روخانى رژێمەکەى ئەسەد کۆتایی هاتووە و رێگەنادەین بگوازرێتەوە بۆ هیچ شوێنێکى دیکە.
ئەحمەد شەرع جەخت لەوە شدەکاتەوە، سوریا نابێتە ئەو ستەیج و جێگەیەى ببێتە هۆکاری هێرش و پەلاماردانن یاخود دروستکردنى مەترسیی و دڵەڕاوکێ بۆ سەر هیچ دەوڵەتێکى عەرەبی، یاخود وڵاتانى کەنداو.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، هەژموون و پرۆژەکانى ئێران لە ناوچەکە، بۆ ماوەى 40 ساڵ هاتووەتە دواوە.
قودسی عەرەبی: ئیسرائیل دەیان هێرشی ئاسمانى بۆ سەر سەنعا و حودیدەی یەمەن ئەنجامدا
بۆ سێیەمین جار و کەمتر لە شەش مانگ ئیسرائیل دەیان هێرشی چڕ و پڕی ئاسمانى بۆ سەر یەمەن ئەنجامدا.
فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل دەیان هێرشیان بۆ سەر 30 پێگەى یەمەن لە باشوور و باکووری سەنعای پایتەخت و مینای حودەیدە و سەڵیف و رەئس عیسای دەوڵەمەند بە نەوت ئەنجامدا.
لەو هێرشانەى ئیسرائیلدا لانیکەم نۆ کەس کوژراون و سێ کەسی دیکە بریندار بوون، کە سەرجەمیان مەدەنین و زیانێکی ئێجگار گەورەى بە ژێرخانەکانى ئەو ناوچانە گەیاندووە.
هێرشەکان بە 14 فڕۆکەى جەنگیی و دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە مووشەکییەکەى ئەنساروڵای حوسییەکان بۆ سەر تەلئەبیب ئەنجامدرا، کە دوو مووشەکیان ئاراستەى تەلئەبیب کردبوو.
عەرەب: پزیشکانی سوریا لە ئەڵمانیا رۆڵی گرنگ دەگێڕن.. ئایا دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان؟
هەزاران پزیشکی سوری لە ئەڵمانیا سەرقاڵی پیشەکەیانن، بەڵام راپۆرتەکان سەبارەت بە خواستی سوورییەکان بۆ گەڕانەوە، نیگەرانی هەندێک لە بەرپرسانی ئەڵمانیای لێکەوتووەتەوە.
گەڕانەوەى ئەو پزیشکە شارەزایانەى، کە بوونەتە رەگەزێکى کاریگەر لەبواری پزیشکى و ئابووریی ئەڵمانیادا، بەرپرسانەى ئەو وڵاتەى نیگەران کردووە.
سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، گەڕانەوەی ئەو پزیشک و کارمەندانەى تەندروستى، زیانی گەورە بە ئەڵمانیا دەگەیەنێت.
نانسی ڤیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا گوتى، ئەگەر هەموو ئەو سوریانەی ئێستا لێرە لە سێکتەرە تەندروستى و پزیشکییەکان کاردەکەن، وڵاتەکەمان بەجێبهێڵن، بۆشایی لەو سێکتەرەدا دروستدەبێت.
ئەو وەزیرە ئەڵمانییە دەڵێت، بۆ ئێمە گرنگە ئۆفەرێک پێشکەش بەو کەسانە بکەین کە لە وڵاتەکەماندا کاریان هەیە و هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەداوە و منداڵەکانیان لە قوتابخانەکانماندا دەخوێنن، بۆ ئەوەی لە پێناو ئابوریی ئەڵمانیا لێرە بمێننەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیاڵ تایمز لە زارى زێلێنسکییەوە: پشتگیری ئەوروپا بەبێ ئەمریکا بەس نییە
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە برۆکسل جەختی لەوە کردەوە، کە پشتیوانی ئەوروپا بەس نییە بۆ پاراستنی ئۆکرانیا لە هەڕەشەکانی روسیا بەبێ هاوکاری سەربازی و دارایی ئەمریکا.
ناوبراو داوای گەرەنتی ئەمنی بەهێزتر و چەکی پێشکەوتوو دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ بۆ سەقامگیری ناوچەکە زۆر پێویستە. زێلێنسکی هۆشداریدا لەوەی کە ئەوروپا بە تەنیا ناتوانێت گەرەنتی ئاسایشی ئۆکرانیا بکات و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە درێژخایەنەکان زۆر گرنگە.
هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشاری زیاتر بخاتە سەر رووسیا.
زە دەیلى تەلەگراف: روسیا نزیکە لە گەیشتن بە ئامانجەکەى لە ئۆکراین
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکى روسیا دەڵێت، لە گەیشتن بە ئامانجەکانى لە ئۆکراین نزیکبووەتەوە و هەموو رۆژێک لە هێڵەکانى پێشەوەى جەنگ پێشڕەوى زیاتر دەکەن.
پوتین هەموو ساڵێک کۆنفرانسێک رێکدەخات، بۆماوەى چوار کاتژمێر لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتیانى وڵاتەکەى دادەنیشێت رایگەیاند، لەسەر گفتوگۆکردن لەبارەى ئەگەرى کۆتاییهێنان بە جەنگى ئۆکراین، ئامادەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا دابنیشێت.
پوتین گوتیشى، جەنگ ئاڵۆزە، بەڵام ئێمە نزیکبووینەتەوە لە ئامانجەکانمان لە ئۆکراین.
تایمز: گەشەی ئابووری سفر؛ بانکی ئینگلتەرا هۆشداری دەدات
بانکی ئینگلتەرا رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی باج و هەڵاوسانەوە گەشەی ئابووری وڵاتەکە وەستاوە.
ئەندرۆ بەیلی، پارێزگاری بانکی ناوەندی هۆشداریدا لەوەی فشارەکانی تێچووی ژیان و بەرزبوونەوەی مووچە لانیکەم کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئابووری هەبووە، بە ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی پێشبینییەکانی گەشەی ئابووری.
ناوبراو جەختی لە پێویستی هەنگاوی هاوئاهەنگی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان و گەڕاندنەوەی گەشەسەندن کردەوە.
هەروەها بانکی ناوەندی بیر لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود دەکاتەوە بۆ سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئابووری.
گاردیەن: جیزێل پلیکۆت: من ویستم هەموو کۆمەڵگا شایەتحاڵی ئەم دۆسیەیە بن”
جیسێل پلیکۆتی قوربانی دەستدرێژی سێکسی باسی لە گرنگیی وەستانەوە بەرامبەر شەرمەزاری و نادادپەروەری کرد دوای ئەوەی 51 کەس لە دۆسیەیەکدا کە فەرەنسا و جیهانی تووشی شۆک کرد سزادران.
ئەم ژنە قوربانییە بە پشتیوانی سەرکردەکانی کۆمەڵگا و چالاکوانان رایگەیاند کە شەڕەکەی بۆ قوربانیانی توندوتیژی سێکسی و هۆشیاری گشتی بەردەوامە.
پێلیکۆت ئەو دۆسیەیەی وەک دەرفەتێک بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و یاسایی دەبینێت.