یەکدوو قسە دەربارەى «گوتارى مووچە»
مووچە و هەقدەست تێکڕا، وێڕاى ناوەڕۆکە ئابورییەکەیان، پرسێکى لە ئابورى ئاڵۆزتریشن. کار بۆ مرۆڤ، هاوکات چالاکییەکى کۆمەڵایەتى و ڕەمزی و دەروونییشە. پاداشتى کاریش، چ سەردەمى پیشمۆدێرن بووبێت یان مۆدێرن، وەڵامى ئەم چالاکییە ئاڵۆزە بووە. گەر دیوە ئابورییەکەى مووچە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانى ڕۆژانەى مرۆڤەوە هەبێت، ئەوا دیوە نائابورییەکەى ژیانى ڕۆژانە تێدەپەڕێنێت و لەکۆدا نرخى کۆمەڵایەتى و دەروونیی مرۆڤ دیاریدەکات. مرۆڤى مۆدێرن بەتایبەت، شکۆى سیاسیی خۆى لە مووچە و پاداشتى کاردا دەبینێتەوە. هەموو ئاڵوگۆڕەکانى مرۆڤى مۆدێرن لە چەمکێکى وەک “مووچە”دا چڕدەبێتەوە. بۆ واقیعى ئێمە، کە مۆدێرنە کێشەى زیاتریشى هەڵگرتووە، مووچە چڕبوونەوەى زۆر شتى کۆک و ناکۆکە.
لە سێ دەیەى دواى ڕاپەڕیندا، دیاردەى مووچە بوو بە قەیرانى دەیەیەک و بگرە زیاتریش. لەوەش گەورەتر، لە قەیرانێکى دارایی تێپەڕى و بووە نیشانەى هەموو گرژییە مێژوویی و سیاسى و دەروونییەکانى دواى ڕاپەڕین. بە دەربڕینێکى تر، وەک کۆ مووچە هەموو پرسەکانى پێش و پاش خۆیشى کۆکردەوە- شکستى کورد بە ناوەوە و دەرەوەى خۆیشیەوە. وەک تاکیش، کێشە سیاسى و ئابورییەکان یەکیانگرت و وەرگەڕان بۆ دەروونى-کۆمەیەڵاتى: تاکەکەس بوو بە شوێنى کۆکردنەوەى ئەم گرفتانە و باجە دەروونییەکەى دا. باجەکەش، هەروا باجێکى سادە و ڕوون نیە؛ بەڵکو شوێنەوارێکى دەروونیی وەک “عیزەتشکێنى” یان سیاسىدەروونیی وەک “کەرامەتڕووشێنى”ـى هەیە کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی مرۆى کورد جێدەهێڵێت: .
دە ساڵ بەشى ئەوە دەکات هەر پرسێک ببێتە گوتار (دیسکۆرس)، و مووچەش بگۆڕێت بۆ “گوتارى مووچە”. گوتار، واتە سیستەمێک لە کردار و گوفتارى کۆمەڵایەتى کە لە ماوەیەکى دیاریکراودا بەرهەمدێت. ئەوەى کە چۆنچۆنى پرسێک لە بڕگەیەکى زەمەنیی دیاریکراودا دەبێتە جێى ئاخاوتنى کۆمەڵگا و چۆنیش زمان و چەمک و ماناى تایبەت بە خۆى بەرهەمدەهێنێت؛ و لەڕێى بەرهەمهێنانى زانینێکى تایبەتەوە ململانێى دەسەڵات دەکات. لەو ماوەیەى گوتارێک درووستدەبێت، زۆربەى باسە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان دەچنەوە سەر ئەو گوتارە. “گوتارى مووچە”، چەندین وشە و ڕووداو و خۆپیشاندان و نوکتە و تراژیدیاى تایبەت بە خۆى بەرهەمهێنا. یەک لەو وشانەى کە لە گوتارى مووچەدا بەرهەمهات “پاشەکەوت” بوو. پاشەکەوت، میکانیزمى دەسەڵات بوو بۆ ئەوەى دۆخەکە ڕابگرێت؛ بۆیە خەڵک و حکومەتیش دەیانزانى کە وشەکە زیاتر بە واتاى “پاشەکەوتکردنى دەسەڵات” دێت. دەسەڵات بەر لەوەى لەڕێى زەبروزەنگەوە خۆى بهێڵێتەوە، لەڕێگەى گوتارەکانەوە خۆى دەهێڵێتەوە. گوتار ئەو خاڵەیە وا خەڵک و دەسەڵات لەناو زمان و دواییش لە واقیعدا شەڕى یەکتر دەکەن. پاشەکەوت، ئەو بەشەى گوتارى مووچە بوو کە فۆرمەکەى کۆمیدییە و ناوەڕۆکەکەشى تراژیدییە.
مادام گوتار خاڵى یەکتبڕینى زانین و دەسەڵاتە، ئیدى لەم گوتارەشدا سێکوچکەیەک هەیە پەیوەندیی خۆى بەویترەوە دیاریدەکات: مووچەخۆران، دەسەڵاتى کوردى، دەوڵەتى ناوەند. مووچەخۆران، وێڕاى پەرتەوازەییە ناوەکییەکەى خۆیان، مەعریفەیەکى بەرەنگارانەیان بەرهەمهێنا کە سنورى درووشمە ناسیۆنالیستییەکانى تێپەڕاند (جاریش هەیە دەگاتە سنورى خۆزگەخواستن بە سەردەمى سەدام کە پتر پەرچەکردارێکى گوتارییە تا خواستێکى واقیعى). دەسەڵاتە کوردییەکەش، وێڕاى ئەو ڕاستییەى پێشوو، هەوڵیداوە سەرمایەگوزاریی ناسیۆنالیستى لەسەر کارتى مووچە بکات (بەپێى گوتارەکەش نەیارەکانى بە عێراقچى و جاش ناوببات). هاوشان بەمەش جۆرە مەعریفەیەکى دانپیانەرانە (confessor) دەخاتەڕوو تاکو لەڕێى داننان بە کەموکورتییەکانەوە هەژموونى خۆى بپارێزێت. دەسەڵاتى ناوەندیش، کە پاکانەحسێبێکى مێژوویی هەرسنەبووى دەرهەق بە کورد هەیە، مامەڵەى ڕاشکاوانەى خۆى دەکات لەگەڵ سیاسییە گەندەڵە کوردەکاندا (بۆیە دەڵێن خەڵکى کوردستان لە کەمینە دەسەڵاتدارەکەى جیادەکەینەوە). سەرەنجام، “گوتار” وەک چەمکێکى نوێتر لە “مێژوو”، قەیران بۆ چەمکێکى گەورەترى وەک “مێژوو” درووستدەکات کە پتر لە خزمەتى دەسەڵاتەکان و ناسیۆنالیزمەکاندا بووە. بەگشتى مێژوو بەراورد بە گوتار، درەنگتر دەگۆڕێت و ئەنجامى چالاکییەکانى خۆى دەردەخات.
لە سەردەمى شاخدا، خەڵکى کورد چاوەڕێى دەسکەوتى سیاسى و مەعنەوی بوون لە سەرکردەکانى. ئەوەى کە لە دانوستانەکان و ڕێکەوتنەکاندا چى لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە. بەڵام دواى ڕاپەڕین، وردەوردە مرۆى کورد چاوەڕێی سەرانى کوردى دەکرد بزانێت کام دەسکەوتى مادى لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە. ئاخۆ چەشنى باڵندە بەناوبانگەکە پارچەیەک خۆراک بە دەنوکەوە بگرن و بیهێننەوە بۆ بێچووەکانیان. ئەم وێنە سرووشتییەى باڵندەیەک و بێچووەکانى لەمەڕ پەیوەندیی خەڵک و دەسەڵات، تا ناو گوتارى مووچەش درێژدەبێتەوە. لە سەردەمى حکومڕانیی خۆماڵى دا، باڵندە دایکانەکە هیچ ناهێنێتەوە و پەیوەندیی فرزەندى و ئۆرگانیی خۆى بە مناڵەکانیەوە دەپچڕێنێت. دایکەکە زۆرجار بە دەنوکى بەتاڵەوە دەگەڕێتەوە، ئەمە هەم ناچارییە، هەم کەمەکێک خۆشحاڵییشى تیایە بۆ ئەوەى “ئارەزووى ملکەچکردن” لە بێچووەکاندا بهێڵێتەوە و بەشێک لەو سادیزمە شاراوەیە تێربکات کە لە سیستەمە خۆرهەڵاتییەکاندا وەک زیادەیەک لە دایکێتى/حکومڕانێتى دەمێنێتەوە. هەر بەم ئاراستەیەدا، دایکە ڕۆزیهێنەکە دەیەوێت ئەرکەکەى وەک شتێکى خۆڕسک سەیرنەکرێت کە هەر بەزات ئەرکى ئەوە، بەڵکو دەیەوێت وەک شتێکى “بەدەستهاتوو و منەتدار” سەیربکرێت کە شوکرانەیەکى بەردەوامى دەوێت. مووچە کە لە کۆدا سادەترین پاداشتى ژیانى شاخ و شاریشە، لە حکومڕانیی کورد خۆیدا بە ئاراستەی ئەو درووشمەدا دەبرێتەوە کە پێشتر بۆ چەمکێکى گەورەى وەک “ئازادى” بەکاردەهات و درووشمەکە بەم جۆرەى لێ دێت: «مووچە نادرێت، دەسەنرێت.»
دەمێکە لە بۆنە میلى و نەتەوەییەکاندا، مرۆڤى کورد تووشى کۆمەڵێک پارادۆکس دەبێتەوە: گوتارى مووچە، هەندێک لەم پارادۆکسانە تیژدەکاتەوە و هەندێکیشى خاودەکاتەوە. ڕۆژى ئاڵا یەکێکە لەو بۆنانە. بۆ یەکەمیان دەوترێت ئاڵایەک لە سێبەریدا نەحەسێیتەوە بێکەڵکە. بۆ دووەمیشیان، ئاڵا لەسەروو هەموو پرسێکى ترەوە دادەنرێت. ئاشکرایە ئاڵا وەک پارچە پەڕۆیەکى فیزیکى، کۆمەڵێک بەهاى سەروو-فیزیکى (میتافیزیکى) لەخۆیدا کۆدەکاتەوە: مرۆڤبوون، ماف، کەرامەت، ئازادى، سنورى ئەویتر و هتد. پرسى مووچە بۆ ساتێک کارکردى ئاڵا دەشێوێنت و هەریەکە لە خەڵک و دەسەڵاتیش بەجۆرێک دەیخەنە خزمەتى خۆیانەوە. هەردوولا لە گوتارى مووچەدا و لەسەر ئەم «پەڕۆ سیمبوڵییە« پێکدادەدەن. بەڵام لەکۆتاییدا هاوکێشەکە بە لاى «خەڵک»دا دەشکێتەوە، چونکە دەسەڵاتداران لەبنەڕەتدا «خەڵکیکى ڕاگوزەر»ن و دەکەونە خوارووى سیمبوڵە سیاسى و مەعنەوى و کۆمەڵایەتییەکانەوە. لەو دە ساڵەى “گوتارى مووچە”دا، لاى خەڵکانێک ئەو هەوڵە هەبووە سیاسییەکان نەکرێن بە مورادیف وهاوماناى نەتەوە و سیمبوڵەکانى. هێشتنەوەى ئەم کەلێنە خۆى یەک لە بەرهەمە دیارەکانى “گوتارى مووچە”یە کە لەلایەک بەرەنگاریی مەدەنى دەخوڵقێنێت و لە لایەکى تریشەوە ناهێڵێت کۆمەڵێک خەڵکى دەسەڵاتدار بچنە کەوڵى سیمبوڵە دەستەجەمعى و مێژوویی و نەتەوەییەکانەوە. دواجاریش چەمکى خەڵک لێرەدا وەک چەمکێکى فراوان دەمێنێتەوە- ژیانى ڕۆژانەى خەڵکانى هاوزمان و هاوئاڵا پێکەوەن و کوێرانە هەموو شتێک دەرناهاوێژرێتە سەر ئەویترى داگیرکەرى دوورەدەست.
پێدەچێت “گوتارى مووچە”، لەو هەستى گوناهەى کەمکردبێتەوە کە مرۆى کورد بەرامبەر دەسەڵاتەکەى هەیبوو. ئەوەى کە نەیدەتوانى وێناى کۆتایی ئەم حکومڕانییە بکات.