زووم..
داڕمانی ئابووریی ئێران بەردەوامە و بەهای تمەنی ئێرانی ئەمڕۆ گەیشتە نزمترین ئاست لە مێژوویدا، هەر دۆلارێک نزیک لە 80 هەزار تمەن نزیکبووەوە.
لە دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا ئەگەری توندتربوونی سزاکان زیاتر بووە و ئەم دۆخە هاوکات لەگەڵ قەیرانی وزە و ململانێی ناوچەیی، کێشەی گەورە و نوێی بۆ تاران دروست کردووە.
لە رۆژانی رابردوودا محەممەد رەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو 220 ملیۆن دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە، هەروەها بەدەستهێنانی دراوی بیانی زیاتر دەکەن، بەڵام ئەو قسانە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕ و دابەزینی نرخەکان نەبوو.
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا تمەنی ئێرانی نزیکەی 62%ـی بەهاکەی لەدەستداوە و ئەوەش فشاری زۆری خستووەتە سەر خەڵک.