زووم…
ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سوریا رایگەیاند، سوریا بێزاربووە لە جەنگ و چیدیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر رۆژئاوا و وڵاتانی دراوسێی، داواشی کرد سزاکان لەسەر وڵاتەکەی لاببرێ.
ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی گوتی، دەستەی تەحریر شام رێکخراوێکی تیرۆرستی نییە و پێویستە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد دەستەی تەحریر شامیش قوربانی تاوانەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە و ناکرێت بە هەمانشێوە مامەڵە لەگەڵ ستەمکاران و قوربانیاندا بکرێت، چونکە تەحریر شام هەرگیز هاووڵاتیی مەدەنی و ناوچەی مەدەنی نەکردووەتە ئامانج.
رەتیشی کردەوە سوریا ببێتە وێنەیەک لە ئەفغانستان، بە گوتەی ئەو دوو نمونەی زۆر جیاوازن و نەریتی جیاوازیان هەیە، ئەفغانستان کۆمەڵگایەکی خێڵەکییە و لە سوریا عەقڵییەتێکی جیاواز هەیە.