زووم..
فەرهاد شامی لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەنقەرە دەیەوێت کۆبانێ داگیر بکات، دەشڵێت، هەرێمی کوردستان لە مەترسی بەدوور نییە.
فەرهاد شامی گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کۆبانێ و گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام قسەی بۆ زووم کرد.
فەرهاد شامی دەڵێت، تورکیا پلانی هەیە کۆبانێ داگیر بکات، بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانان دژی ئەوەن.
داگیرکردنی کۆبانێ واتە داگیرکردنی ئامەد، هەولێر و مهاباد
گوتەبێژی هەسەدە باس لەوە دەکات، پاراستنی کۆبانێ و رۆژاڤا واتە پاراستنی هەر چوار پارچەی کوردستان، پێویستە هەرێمی کوردستان ئاگاداربێت و وانەزانێت لە مەترسی بەدوورە.
فەرهاد شامی دەشڵێت، “داگیرکردنی کۆبانێ واتە داگیرکردنی ئامەد، هەولێر و مهاباد.”
جیهاد نەبۆ، زوومی رۆژاڤا لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانەوە پرسیاری ئەوە دەکات، ئاخۆ هەرێمی کوردستان هیچ هەڵویستێکی فەرمی هەبووە تا ئێستا، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: هەڵوێستەکان تا ئێستا سۆزدارین، بەڵام لە ئاستی فەرمی سیاسی و سەربازی هیچ هەڵوێستێکی جدیان نەبووە.
وەڵامی دەستەى تەحریر شام بۆ ئێمە ئەرێنییە
لەبارەی رێککەوتن و گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام، فەرهاد شامی گوتی: هەرکاتێک گفتوگۆکان گەیشتنە ئەنجام رایدەگەیەنین و وەڵامی دەستەى تەحریر شام بۆ ئێمە ئەرێنییە، بەڵام نامانەوێت ئاڵۆزی لەنێوانمان رووبدات.
داعش چەکێکی زۆری دەستکەوتووە
لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش، گوتەبێژی هەسەدە ئەوەی ئاشکراکرد، گروپەکە چەکێکی زۆری سوپای رژێمی سوریای دەستکەوتووە و کۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەکی کردووە.
فەرهاد شامی باسی لە ئامانجی داعش کرد و گوتی: لە ئێستادا دەیانەوێت هێرشبکەنە سەر زیندان و کەمپەکانی رۆژاڤا و بەرپرسەکانیان لە زیندان ئازادبکەن.