زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
ئەمساڵ 290 کارگەی ساختەکاری دۆزراونەوە و 860 ساختەچی دەستگیرکراون
محەمەد قەنبەری، بەرپرسی پۆلیسی زانیاریی ئێران رایگەیاند: لە هەشت مانگی رابردوودا 860 کەس بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامە، دراوی بانکی، ناسنامە، بڕوانامەی خوێندن و بەرهەمهێنانی بەرهەمی ساختە دەستگیرکراون.
هەروەها 290 کارگەی ساختەکاری دۆزراوەتەوە و زیاتر لە 15 هەزار بەڵگەنامەی ساختە دەستیان بەسەردا گیراوە و دوو هەزار و 600 ئەکاونت و پەیجی پەیوەست بە ساختەکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بلۆک کراون.
کار و کارگەر
کرێی هاتوچۆ هێندەی پارەی رۆژێکی پەرستارێکە
پەرستاران رەخنە لە بارودۆخی سەختی کارکردن دەگرن، ئەوان دەڵێن: کڕینی ئۆتۆمبێل خەونێکی مەحاڵە بۆ زۆرێک لە هاوکارەکانیان بە تایبەت ئەوانەی تازە دەستیان بەکار کردووە، “لەم بەفر و سەهۆڵەدا، بە دەگمەن هاتوچۆی گشتی دەست دەکەوێت و تێچووی تەکسی یەکسانە بە داهاتی شەفتێکی کارکردن یان تەنانەت زیاتریشە”.
بۆ نموونە مووچەی کاری زیادەم بە ئەزموونی 10 ساڵەوە تەنها 25 هەزار تمەنە لە کاتژمێرێکدا بەڵام بۆ گەیشتن بە نەخۆشخانە 150 هەزار تمەن دەدەم و لە رۆیشتنەوەشدا بە هەمان شێوە. بۆیە زۆرێک لە پەرستاران وازیان لە کارکردن هێناوە.
کیمیای وەتەن
پێویستە فەرمانگەکان بەکارهێنانی کارەبا بۆ نیوە کەم بکەنەوە
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگای ئیسفەهان، فەرمانی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبای لەلایەن فەرمانگە و رێکخراوەکانەوە بە رێژەی ٥۰٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو راگەیاند.
محەمەد مورادی گوتی: مەبەست لەم بڕیارە بەڕێوەبردنی بەکاربردنە لە وەرزی سەرمادا و قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی کارەبایە.
بە دانانی پێوەری زیرەک، بەشێوەی ئۆنلاین چاودێری بەکارهێنانی کارەبای فەرمانگەکان دەکرێت، ئەگەر سنووری دیاریکراو تێپەڕێنرێت، ئەوا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکەیان دەبڕدرێت.
داوای لە هاوڵاتیانیش کرد بە بەشداریکردن لە کەمپەینی “دوو پلە فێنکتر” وزەی کەمتر بەکار بهێنن.
کەیهان
بانکی ناوەندی لە کڕینی زێڕدا پلەی پێنجەمی جیهانی هەیه
محەمەدڕەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران سەبارەت بە هەنگاوەکانی لە بواری زێڕ و ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیدا رایگەیاند: ئەمساڵ ئەم بانکە لە رووی کڕینی زێڕەوە پلەی پێنجەمی جیهانی بەدەستهێناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ٢٠٪ی یەدەگی دراوی بیانی ئێران کراوەتە زێڕ و لە بانکی ناوەندیدا پاشەکەوت کراوە.
فەرزین دەڵێت: حکومەتی ئێران نیگەران نییه لە داهاتووی ئابووری وڵات، چونکە بەرهەمهێنانی نەوت لە زیادبووندایە و ساڵی رابردوو ٦٥ ملیار دۆلار دراوی بیانی دابین کراوە و پێشبینی دەکرێت ئەم بڕە پارەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٧٠ ملیار دۆلار.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
دادگاییکردنى دەسەڵاتدارە دەستگیرکراوەکانى سوریا دەستپێدەکات
رامى عەبدولرەحمان بەڕێوەبەرى روانگەى سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەو کەسانەى دەستگیرکراون یان خۆیان رادەستکردووە لە لایەن لیژنەیەکى یاسایی تایبەتەوە کە لە لایەن وەزارەتى دادى حکومەتى راگوزەرەوە پێکهێنراوە یەکەم دادگایی دەکرێن.
لەنێو ئەو کەسانەدا هەندێک لە بەرپرسانى تێدایە کاریان لەگەڵ هاوسەرى بەشار ئەسەد دا هەبووە و تاوانى دژە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە.
لەگەڵ بەرپرسانى زیندانى سەیدنایا و لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەرانى پلە باڵا و ئەو بەرپرسە ئەمنییانەى کە تاوانى دژە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە.
عەرەب
ترسی سەرهەڵدانەوەی هەرێمی سونە شیعەی تۆقاندووە
دواى گۆڕانکارییەکان لە سوریا لەنێوماڵی ئەو گروپە شیعیانەى عێراقدا کە لە ئێرانەوە نزیکن پشکۆی ئەگەرى دروستبوونى هەرێمى سوننەکانى عێراق گەشاوەتەوە.
شیعەکان ئەو بابەتە بە پیلانگێڕیی ئەمریکا و ئیسرائیل شرۆڤەى دەکەن و پێیانوایە بەشێک لە وڵاتانى ناوچەکەش هاوڕان و دەیانەوێت وەک سەرەتایەک بەشێک لە فەڵەستینییەکان لەو سنوورەدا جێ بکەنەوە.
سەردانە لەناکاوەکەى محەمەد حەلبوسى بۆ ئەمریکا و ئاشکرانەکردنى ئەجێنداى سەردانەکەى بەشێکە لەو پرۆژەیە، بەم کارەش کۆتا بزمار لە تابوونى هەژموونى ئێران دەدرێت.
قاسم بەلشان شرۆڤەکارى سیاسی عێراقى سەبارەت بە سەردانەکەى حەلبوسى بە رۆژنامەکەى گوتووە سەردانیکردنى حەلبوسى بۆ ویلایەتێکى ئەمریکی کە زۆینەى دانیشتوانەکەى جولەکەن بەڵگەیە لەسەر ئەوەى نزیکبوونەتەوە لەو پیلانەى کە چەند ساڵێکە نەخشەى بۆ دادەڕێژن، ئەگەر حەلبوسى بتوانێت جێگە بۆ بەشێک لە فەڵەستینیەکان بکاتەوە ئەوا لە هەڵبژاردنى داهاتوودا پێگەى گەورەى دەبێت و هەرێمى سوننەکانیش دەبێتە ئەمری واقیع و وڵاتانى رۆژئاواش پشتیوانى دەکەن.
مەدا
لە 10 ساڵدا 763 هەزار عێراقى کۆچیانکردووە
دەزگاى لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران بڵاویکردەوە بەگوێرەى ئەو ئامارەى لاى ئەوان هەیە لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە ماوەى دە ساڵدا لە هەرێمى کوردستان و عێراقەوە زیاتر لە 763 هەزار کەس بەرەو وڵاتانى ئەوروپا کۆچیانکردووە و لەو ژمارەیەش 593 کەسیان لە رێگەدا گیانیان لەدەستداوە.
لە ساڵی 2015 ـەوە تا ئێستا 763 هەزار و 398 کەس داواى مافى پەنابەرییان لە وڵاتانى ئەوروپى کردووە و لەو ماوەیەدا تەرمی 345 کەس دۆزراونەتەوە و 248 کەسى دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
دەستوور
عێراقییەکان لە کڕینى خانوبەرەى تورکیا لە ریزى پێشەوەن
دەستەى ئاماری تورکیا رایگەیاند لە مانگى تشرینى یەکەمى رابوردوودا عێراقییەکان لە کڕینى یەکەی نیشتەجێبوون لە پلەى چوارەمدا بوون.
لە کاتێکدا لە مانگی تشرینى یەکەمدا لە پلەى پێنجەمدا و مانگی ئەیلولیش لە پلەى سێیەمدا بووە.
هەرچەندە نرخی خانووبەرە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەى 63.6% بەرزبووەتەوە، کەچى لە ساڵی رابوردوودا 153 هەزار و 14 خانوو شوقە کڕراون، بەڵام لەمساڵدا 26 هەزارو 320 یەکەى نیشتەجێبوون و خانوو لە لایەن عێراقییەکانەوە کڕاون.
کڕینى شوێنى نیشتەجێبوون لە نێو پارێزگاکانى تورکیادا بەڕێژەى جیاوازە، بەڵام پارێزگاکانى بایپورت، تونجەلى، هەکاریی لە ڕیزبەندى یەکەمەکانن.
روسەکان یەکەم و ئێرانییەکان دووەم و ئۆکرانییەکان سێیەم و عێراقییەکان لە ریزبەندی چوارەمدان.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
پلانی لەناوبردنی یەپەگە دەخرێتە کار
دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد، بەرپرسانی یەپەگە کەوتنە دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق بەڵام ڕێکنەکەوتن.
دوای ئەوەی ئومێدیان بە ئەمریکا نەما، بەرپرسانی یەپەگە بە فایلێکی ١٠ خاڵییەوە بەرەو دیمەشق بەڕێکەوتن، ئەوان داوای ئۆتۆنۆمی، بەشە نەوت و ئیدارەدانی بەنداوەکانیان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی ئیدارەی نوێی دیمەشق رایانگەیاندبوو رێگە بە سوریایەکی پارچەکراو نادەن، ئێستا پلانەکە گۆڕاوە، بەشێک لە ئەندامانی هەسەدە کە زۆربەیان لە عەرەبەکان پێکهاتوون، نزیکەی ٧٠٠ بەرپرسیان لە رێگەی پاسپۆرتی نوێ و بە ناسنامەی دیکەوە لەرێگەی عەفرینەوە خۆیان دەگەیەننە ئەوروپا لە رێگەی قوبرس و یۆنانەوە، هەرچی باهۆز ئەردال و مەحمود خدرۆیە دەبرێنەوە بەرەو قەندیل.
قەرار
مەهەپە بە کوردی سڵاو دەکات
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکی دەم پارتیدا کرد و پاشان گوتی با عەبدوڵا ئۆجالان بێتە پەرلەمان و قسە بکات، ئێستا جەلال ئادان کە پەرلەمانتاری مەهەپەیە و سەرۆکایەتی دانیشتنێکی پەرلەمانیی دەکرد، کاتێکد ئایشەگول دۆغان ی گوتەبێژی دەم پارتی هاتە بۆ قسەکردن، پرسیاری کرد دەتوانێت بە زمانی دایک سڵاو بکات، جەلال ئادان وەڵامی دایەوە: بەلێ دەتوانیت.
لەوکاتەدا دۆغان بە زمانی کوردی بە ئامادەبووانی گوت هون بخێر هاتن، ئەم دەستەواژەیەش بە شێوەیەک لە پرۆتۆکۆلی پەرلەمانیدا نووسرایەوە.
قەرار
ئەنەکەسەی کوردی پێشنیارێکی سێ خاڵی بۆ پەیەدە دەکات تا لە قەیرانەکانی ئێستا رزگاریان بێت
یەکەم: بڵێن نوێنەری کوردین، با مەزڵوم عەبدی بێت و بڵێت من نوێنەری کوردەکانم و نوێنەری مەنبج و رەقە نیم.
دووەم: با ئاشکرای بکەن هیچ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ تورکیا نییە، لەم بارەیەوە متمانەیەک بدەنە ئەو وڵاتە، دەبێت بەهانەکان بۆ دەستوەردان لابەرن و نەیهێڵن.
٣. با بڵێن ئێمە هیچ پەیوەندیەکی ئۆرگانییمان لەگەڵ پەکەکە نییە، هەر کادرێکی ئەوانیش هەبوو با لە رۆژاڤا بچنە دەرەوە.
یەنی ئاکیت
تورکیا لە جوگرافیاکەی گەورەترە
ئەردۆغان لە کاتی چاوپێکەوتنی بە سەرۆکوەزیرانی لوبنان ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچە کرد و گوتی، سەقامگیری سوریا بە واتای سەقامگیری هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، ئاسایشی لوبنان بە هەموو ناوچەکەوە پەیوەستە، تورکیاش زۆر لە جوگرافیاکەی گەورەترە.
ئەمە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی لە ناوخۆ پێیان دەڵێن چی دەکەن لە سوریا، تورکیا ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە و دەبێت لە ناوچەکەدا جێبەجێی بکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ئەمریکا چەند هەفتەیەک پێش روخانی ئەسەد گرووپەکانی ئامادەکردووە
سێ هەفتە پێش هێنانە خوارەوەی ئەسەد لە دەسەڵات، ئەمریکا بە چەکدارانی سوپای ئازادی سوریای گوتووە، “خۆتان ئامادە بکەن ئێستا کاتی ئێوەیە”.
پێشتریش پێیان گوتراوە هێزەکانیان فراوانتر بکەن و خۆیان بۆ شەڕێک ئامادە بکەن، رەنگە کۆتایی بە رژێمەکەی ئەسەد بهێنێت.
تایمز
بەریتانیا بووەتە پایتەختی فەتوا و بڕیاری شەرعیی موسڵمانان
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە بەریتانیا بووەتە پایتەختی رۆژئاوا بۆ ئەنجامدانی کارە شەرعییەکانی موسوڵمانان.
لەڕێگەیەوە پیاوان دەتوانن بە سێجار گووتنی “تەڵاق” لە خێزانەکانیان جیا ببنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا فرەژنی لەو وڵاتەدا هێندە ئاسایی بووەتەوە کە بەرنامەیەکی مۆبایل لەبارەی دروستکراوە.
ئەوە بەرنامەی مۆبایلە لەلایەن دادگایەکی شەرعییەوە رەزامەندیی لەسەر دراوە.
لە ئێستادا ٨٥ دادگای شەرعی لەو وڵاتەدا بوونی هەیە.
ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست
ئاسمانەوانە چینییەکان ریکۆردی ئەمریکییەکان دەشکێنن
دوو ئاسمانەوانی چینی کە ئێستا لە بنکەی ئاسمانی تیانگۆنگن ریکۆردی جیهانییان بۆ درێژترین رێکردن لە بۆشایی ئاسماندا بڕیی، کە دوو دەیە لەمەوبەر لەلایەن پرۆگرامی ئاسمانیی ئەمریکاوە تۆمارکرابوو.
ریکۆردەکە رۆژی سێشەممە لەلایەن دوو ئاسمانەوانی کەشتی ئاسمانی شێنژوو-١٩ شکێنرا کە بۆ چالاکییەک لە دەرەوەی کەشتی ئاسمانیی ماوەی نۆ کاتژمێر لە بۆشایی ئاسماندا مانەوە.
ریکۆردەکە لەساڵی ٢٠٠١ لەلایەن ئەمریکاوە بە هەشت کاتژمێر و ٥٦ خولەک تۆمارکرابوو. ئەمەش وەک پێشکەوتنێکی گەورە و گرنگی وڵاتی چین لەسەر ئاستی جیهاندا دادەنرێت.
عەرەب نیوز
لەسەروبەندی ئاگربەست ئیسرائیل لە کوشتنی فەڵەستینییەکان بەردەوامە
لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکانی ئاگربەست بە سەرپەرشتی ئەمریکا و نێوەندگیریی وڵاتانی عەرەبی بەردەوامە، سوپای ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە غەزە 20 فەڵەستینی دیکەی کوشت.
ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٤٥ هەزار و ٩٧ کەس. بەرپرسێکی فەڵەستینی دەڵێت: لێکنزیکبوونەوەی باش هەیە و جیاوازییەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس کەمبوونەتەوە، پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و گەڕاندنەوەی زیندانییە فەڵەستینییەکان واژۆ بکرێت.